سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بۆ وێستگەنیوز: لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوو بڕیار لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێم درا
وێستگەنیوز- لەنیا بەختیار
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلولی 2025، سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر دوو خاڵ درا و دەنگیشی لەسەر درا".
ئاماژەی بەوەکرد، "یەکەمیان بڕیاردرا کرێی دەستی دەرهێنانی نەوتی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە نەوت جێگیر بکرێت".
سەرچاوەکە روونیکردەوە "بڕیاری یەکەم بەمشێوازەیە کە بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار دیاریکراوە لە جێی پارەکە، کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان نەوتیان پێدەدرێت و خۆیان بۆ خۆیانی دەفرۆشن".
سەبارەت بە بڕیاری دووەم سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم وتی، "رەزامەندی دراوە لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا بیانییەکان، بەو مەرجەی عێراق گرێبەسەتەکە بەرز دەکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاری وەزارەتی نەوتی عێراق،
وتیشی، "چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا لیژنە راوێژکارییەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی خۆی بداتەوە و گرێبەستە سێ لایەنییەکە ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بەپێی وتەی سەرچاوەکە بێت، "ئەم رێککەوتنە پێدەچێت گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر بکات".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلولی 2025، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتن لەسەر رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا، بەپێی ئەم رێککەوتنەکە سەرجەم ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، جگە لەو بڕەی پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئەپیکۆرەوە هەیە، تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی لێ گل دەدرێتەوە بۆ پێداویستی ناوخۆ، باقییەکەی دیکە راستەوخۆ رادەستی کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەکرێت.
PM:04:30:16/09/2025
ئهم بابهته 952
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت