رێباز حەملان: ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەیدات دەبێتە چارەسەری کێشەی مووچە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلولی 2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری بە میدیای یەکێتی راگەیاند، "لەسەر بابەتی مووچە و نەوت رێککەوتنێک کراوە لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق، بەمنزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت راو و سەرنجی خۆی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم بدایەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدرا، بەڵام کۆبوونەوەکەیان کەوتە سبەینێ".
رێباز حەملان وتی، "هیوادارین وەزیرە کوردەکان فشاربکەن بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوای ئەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت راو و سەرنجەکانی دایە ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو بەزووترین کات بڕیارە بدرێت، ئیتر کۆبوونەوەکە پێنجشەممە بێت یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت".
وتیشی، "ئەو بڕیارەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەیدات، دەبێتە چارەسەری کێشەی مووچە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ".
PM:03:52:16/09/2025
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت