هەواڵێکی خۆش بۆ خوێندکارانی کەرکوک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رەزامەندی وەرگیراوە بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی کەرکوک کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هەروەها بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی ناوچە دابڕاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە زانیاریی دەخاتەڕوو.


ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلولی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "دوای نووسراوێک بە ژمارە 603 لە 03-08-2025 بۆ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و چەند گفتوگۆیەک بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی کەرکوک کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن، رەزامەندی لەسەر داواکەی دراوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رەزامەندی داوە خوێندکارانی کەرکوک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، جگە لە قۆناغی یەکەم و کۆتایی".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواشی کردووە وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی بداتە زانکۆی کەرکوک بۆ وەرگرتنی خوێندکارەکان.

لەوبارەیەوە شێرزاد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی ناوچە دابڕاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "هیچ نووسراوێکی فەرمی نییە نە لە وەزارەتی خوێنی باڵای هەرێمەوە نە لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، بەڵام بەپێی بڵاوکراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا بێت کە لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق وتوێژی کردووە رێگەی داوە ئەو خوێندکارانەی کەرکوک کە لە زانکۆکانی هەرێم دەخوێنن دەتوانن گواستنەوە ئەنجام بدەن بۆ زانکۆی کەرکوک".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو خوێندکارانە دەتوانن لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی کەرکوک قسەبکەن بۆی ئاسانکارییان بۆ بکرێت، لەم یەک دوو ساڵەی رابردوو هەمان بڕیاردرا، بەڵام مەرجی هاوتایی نمرەی وەرگیراو هەبوو کە دەبوو خوێندکار نمرەی بەرزبێت، دوای چەند گفتوگۆیە مەرجەکە لابرا".

شێرزاد سەعید روونیکردەوە، "لەئێستادا پرۆسەی گواستنەوەی خوێندکار لە هەردوو وەزارەتی خوێنی باڵای هەرێم و عێراق داخراوە، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە دەتوانرێت دەرفەتێک بدرێت بەم خوێندکارانە بۆی کاری گواستنەوەکەیان بکەن، خوێندکارانیش دەتوانن بەزووی دەست بە مامەڵەکانیان بکەن".



PM:02:22:16/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو