عومه‌ر گوڵپی‌: دوو كابینه‌یه‌ كار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی حكومی نه‌مێنێت


وێستگه‌نیوز-
عومه‌ر گوڵپی‌ كاندیدی‌ سه‌ركه‌وتووی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ژێر ناوی‌ "بۆچی وا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومی ده‌كه‌ن؟"، رایگه‌یاند كه‌:


*له‌ ماوه‌ی (10 ساڵ)دا، نزیكه‌ی (70) نه‌خۆشخانه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكی تایبه‌ت و ئه‌هلی دروستكراون، ئه‌مه‌ سوتفه‌ و پێویستی و خواستی خه‌ڵك نییه‌.

* دوو كابینه‌یه‌ كار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی حكومی نه‌مێنێت یان نزیك بێته‌وه‌ له‌ نه‌مان.

* ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حزب كه‌رتی ته‌ندروستی گشتی به‌ بارگرانی ده‌زانن له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌یان!

*ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حزب و حكومه‌ته‌كه‌یان، ئاماده‌ نین له‌ كۆی (350 ملیار) دینار، مانگانه‌ ته‌نها (30 ملیار) دیناری بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی خه‌رج بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌رده‌وام نه‌خۆشخانه‌كان له‌ پاشه‌كشه‌ی به‌رچاودابن.

*نه‌خۆشێك بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار له‌ سلێمانی، ده‌بێت به‌ قه‌ره‌وێڵه‌كه‌یه‌وه‌ و به‌ ئه‌مبوڵانس چه‌ند جارێك ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێندێك پشكنین بكات. 

*نه‌شته‌رگه‌رییه‌كت بوێت له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی دوو بژارده‌ت هه‌یه‌: یان به‌ ئێش و ئازاره‌وه‌ بتلێره‌وه‌ تا نۆره‌ت دێت له‌ ساڵی داهاتوو، یان بچۆره‌ ئه‌هلی و چاره‌سه‌ریی خۆت به‌ پاره‌ وه‌رگره‌!

*كه‌سێك داهاتی مانگانه‌ی كه‌متر له‌ ملیۆنێك بێت، ته‌نها یه‌ك نه‌خۆشی به‌سه‌ بیكاته‌ سواڵكه‌ر له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی و نۆڕینگه‌ی پزیشك و تاقیگه‌و ده‌رمانخانه‌كاندا.

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ نووسینه‌كه‌یه‌تی‌:

بۆچی وا لە نەخۆشخانەی حکومی دەکەن؟

لە ماوەی (١٠ ساڵ)دا، نزیکەی (٧٠) نەخۆشخانەو کۆمەڵگەی پزیشکی تایبەت و ئەهلی دروستکراون، ئەمە سوتفەو پێویستی و خواستی خەڵک نییە، بەڵکو دوو کابینەیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی حکومی نەمێنێت یان نزیک بێتەوە لە نەمان، ئەوان کەرتی تەندروستی گشتی بە بارگرانی دەزانن لەسەر حکومەتەکەیان!

دەسەڵاتی هەردوو حزب و حکومەتەکەیان، ئامادە نین لە کۆی (٣٥٠ ملیار) دینار، مانگانە تەنها (٣٠ ملیار) دیناری بۆ کەرتی تەندروستی خەرج بکەن، ئەمەش وایکردووە بەردەوام نەخۆشخانەکان لە پاشەکشەی بەرچاودابن و نەتوانن ئەو ئەرکەی لێیان چاوەڕێ دەکرێت ڕایپەڕینن! ئەمە بێجگە لە کێشەی بەردەوامی مووچە بۆ کارمەندانی تەندروستی کە کۆڵەکەی ڕاگرتنی نەخۆشخانەکانن.

ئەوان پێیان وایە زەوی بەلاش بە شەریکایەتی حزبەکانیان بدەن بە کۆمپانیاو بیناو هۆتێل و یەکەی نیشتەجێبوونی پێ دروست بکەن بۆ خەڵەتاندنی ڕایگشتی باشترە کە وەک نیشانەی پێشکەوتن بە خەڵکی ناوخۆو بیانی بفرۆشنەوە تا ئەوەی نەخۆشخانەیان هەبێت و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشبکەوێت و هاووڵاتی نەخۆش ناچاری نەخۆشخانەی تایبەت نەبێت.

نەخۆشێک بچێتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، دەبێت بە قەرەوێڵەکەیەوەو بە ئەمبوڵانس چەند جارێک ببرێتە دەرەوەی نەخۆشخانە بۆ ئەوەی هێندێک پشکنین بکات، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەم ئامێرەیان دوو مانگە شکاوەو پارە نییە چاک بکرێتەوە، فڵان پشکنینی تر پێداویستی نەماوە!

بۆ هێندێک نەخۆشی خێرا، هێندێک چارەسەریی خێراو بە پەلە ئامادەیە، بەڵام تۆ نەشتەرگەرییەکت بوێت لە نەخۆشخانەیەکی حکومی دوو بژاردەت هەیە: یان بە ئێش و ئازارەوە بتلێرەوە تا نۆرەت دێت لە ساڵی داهاتوو، یان فەرموو بچۆرە ئەهلی و چارەسەریی خۆت بە پارە وەرگرە!

کەسێک داهاتی مانگانەی کەمتر لە ملیۆنێک بێت، تەنها یەک نەخۆشی بەسە بیکاتە سواڵکەر لەبەردەم نەخۆشخانەیەکی ئەهلی و نۆڕینگەی پزیشک و تاقیگەو دەرمانخانەکاندا.

نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەموو دونیا وەک بژاردەیەک هەیە بۆ کوالێتی و هێندێک تایبەتمەندی، ئەمە ئاساییەو تەنانەت شتێکی باشە، بەڵام نەوەک بە بەرنامە پاشەکشە لە خزمەتگوزاریی تەندروستی حکومی بکرێت و خەڵک ناچار بکرێت ڕوو بکاتە نەخۆشخانەی ئەهلی.

ماوەی دە ساڵە سێ کەس لە هەردوو دەڤەر بڕیار بەدەستی یەکەم و کۆتایین، چ لە حکومەتەکەیان، چ لە حزبەکانیان، بەڕاستی ئەو سیانە سەلماندوویانە بێجگە بزنس و بازرگانی شتێکیتریان نییە.

عومەر گوڵپی
١٦ی ٩ی ٢٠٢٥


AM:11:59:16/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت