بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوو گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیرکران


وێستگەنیوز_

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دوای پێدانی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوو گەورە بازرگانی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری مەدینەی منەوەرە لە سعوودیە دەستگیر کران.

عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای هاوکاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سلێمانی، توانرا دوو گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بکرێن."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری سعودیە، توانرا دەست بەسەر 142 کیلۆگرام مادەی کریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکاندا بگیرێت.
 
سەبارەت بەم هەواڵە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان."
 
بە وتەی وتەبێژی دەزگای ئاسایش، "ئەو دوو کەسە خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی شەش ساڵە خەریکی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو کە لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە مادەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە؛ و ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەکێک لە پاسەکاندا بووە و بایی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلارە.
 
هەروەها دووپاتی کردەوە کە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەردەوامە لە هەماهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بازرگانان.


AM:11:02:15/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت