عەلی حەمەساڵح بۆ مەسرور بارزانی: زوڵم لەمە روونتر چییە؟


وێستگەنیوز-

بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست نامەیەک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی ئەوەی رێگە بەهیچ کەس و کۆمپانیایەک ناردێت نەوتی سپی بهێنێتە سنووری هەولێر و دهۆک جگە لە کۆمپانیای مەتین.


ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلولی 2025، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک نامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات و دەڵێت، "زوڵم لەمە روونتر چییە، رێگە بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک ناردێت نەوتی سپی بهێنێتە سنووری هەولێر و دهۆک جگە لە کۆمپانیای مەتین".

ئاماژر بەوەشدەکات، "ئەم قۆرخکاریە وای کردووە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە 115 هەزار دینارەوە زیاد ببێت بۆ 150 هەزار دینار، ئاوا بڕوات دەچێتە 200 هەزار دینار".

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، "تەنانەت چەندین کەس نەوتیان هێناوە لە بازگەکان رێگەیان نەداوە داخڵی بکەن، هەر لای بازگەکە بەرمیلی بە 110 هەزار دینار بە ناچاری فرۆشتوویانە بە مەتین".

دەشڵێت، "خراپتر لەمە ئەوەیە ئێستا مەتین، بڕێکی زۆر زۆر نەوتی خەزن کردووە، دەیانەوێت بە 200 هەزار دینار بیداتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ ئەوەی حکومەت بە 100 هەزار دینار بیداتە هاوڵاتی، ئەمەش نزیکەی 100 ملیار دینار زیانە لە خزێنەی گشتی".

بڕیار دەری رەوتی هەڵوێست راشیگەیاند، "کاک مەسرور، ئەمە رێک لە دەسەڵاتی تۆدایە، قۆرخکاری و گەندەڵییەکی روونە، ئەمە زیانی گەورە لە خەڵک دەدات کە هەم نەوت گرانبێت و هەم کارەباش، لە زستان خەڵک چیبکات".

وتیشی، "بەو پارەی ئێستا لە دەعمی سوتەمەنی دەیداتە یەک کۆمپانیا، ئەگەر خۆی بیکات دەتوانێت لەبری ئەوەی بە 100 هەزار دینار بەرمیلێک بدات بە هاوڵاتی بە 25 هەزار دینار بیدات".


AM:11:21:14/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت