د. سامان بەرزنجی: بودجەی پێویست بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکراوە


وێستگەنیوز-

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کەرتی تەندروستیی سلێمانی، ئاماژە بەوەشدەکات، بودجەی پێویست بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکراوە و گرفتیان لەگەڵ نەبوونی پارەی نەختینە هەیە.


ئەمشەو شەممە 13ی ئەیلولی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ هەشت رایگەیاند، "لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کەرتی تەندروستیی سلێمانی".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێم پێنج ملیار دینار خەرجدەکرا، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی بودجەی دەرمان بۆ هەموو هەرێم بۆ حەوت ملیار دینار زیادکرا".

د. سامان بەرزنجی وتی، "بودجەی پێویست بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکراوە و گرفتمان لەگەڵ نەبوونی پارەی نەختینە هەیە، ئەمەش تەنها لە سلێمانی نییە و لە ناوچەکانی دیکەش گرفتی پارەی نەختینەمان هەیە، پێویستە ئەم کێشەیەش چارەسەر بکرێت".

وتیشی، "بەشێک لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تەنها لە کەرتی گشتی هەن و لە نەخۆشخانە تایبەتەکان نین، بۆیە لە هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئاستێکی بەرزدان".

باسی لەوەشکرد، "لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا نزیکەی 14 هەزار کورتهێنانمان لە میلاک هەبووە، هەروەها ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی تەندروستی خانەنشین بوون، بۆیە لە ئەولەویەتی ئێمەیە ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی دابمەزرێنین و ئومێدمان هەیە باری ئابووری باشتر بێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "زیاتر لە 10 هەزار کارمەند لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بە خۆبەخش کاردەکەن".

وەزیری تەندروستیی هەرێم دەڵێت، "چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە".


PM:09:40:13/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو