هۆشیار زێباری: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە رووی ئابوورییەوە عێراق سەرمایەدارانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت.


ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلولی 2025، هۆشیاری زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رۆژنامەی (The National) رایگەیاند، "عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییەکەی".

ئاماژەی بەوەکردووە، "لە رووی ئابوورییەوە عێراق سەرمایەدارانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت، ئەوەش بە پلەی یەکەم بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنی لە سەرتاسەری وڵات و کەمبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان و نائارامییەکان دەگەڕێتەوە، هەروەها لەم دواییانەدا هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی داوە، بەتایبەتی لە کەرتی نەوتدا".

هۆشیار زێباری باسی لەوەکرد، "عێراق لە زۆر بواردا هەنگاو دەنێت، ئەمساڵ عێراق هەڵبژاردنی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ ئەنجام دەدات".

ئەوەشی وت، "حکومەتی عێراق نیازى پاکە هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە و هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت".

وتیشی، "حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێ هیواکەرە".

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "لە هەموو شتێک زیاتر، عێراق پێویستی بە ژینگەیەکی دۆستی وەبەرهێنەر و ئاسایش و دادگاو یاسا و کۆنترۆڵکردنی کەسانی دەرەوەی یاسا و میلیشیاکان هەیە".

لەبارەی سوریاوە هۆشیار زێباری رایگەیاند، "رووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سوریا لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا هەنگاوی گەورەیان بەدەستهێناوە، ئێستا لە چوارچێوەی هەرێمی عەرەبی و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهرەمەندن لە قبوڵکردن و دانپێدانان".


PM:10:36:12/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو