ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری لێخۆشبوو‌ن به ڕێژه‌ی 15٪ی بڕی پێشینه و قه‌رزی بانكه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی دا
وێستگه‌نیوز-
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان داوا له حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات پێشنیاری حكومه‌تی هه‌رێم بكاته بنه‌ما بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بابه‌تی داهاته نانه‌وتییه‌كان، هاوكات بڕیاری لێخۆشبوو‌ن به ڕێژه‌ی 15٪ی بڕی پێشینه و قه‌رزی بانكه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی دا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 10ی ئه‌یلوولی 2025، به سه‌رپه‌رشتیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی به ناوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه، سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه و كه‌سوكار و هاوڕێیانی سه‌عد خالید، وه‌زیری پێشووتری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان كرد، كه ئه‌مڕۆ به نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه، له بڕگه‌ی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دواپێشهاتی هه‌ردوو دۆسیه‌ی داهاته نانه‌وتییه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم و تاوتوێكردنی بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ له‌سه‌ر ئه‌م دوو بابه‌ته كرا كه له‌لایه‌ن ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ورده‌كارییه‌كان خرانه‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به بابه‌تی به‌شی گه‌نجینه‌ی فیدڕاڵی له داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه كه "پێشنیاری هه‌رێم سه‌باره‌ت به پۆلێنكردنی داهاتی نانه‌وتی و شێوازی هاوبه‌شی پێكردنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ پشتبه‌ست به هه‌ردوو یاسای فیدڕاڵیی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ژماره 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵ ژماره 13 ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی كه به ڕوونی چوارچێوه‌ی یاسایی ئه‌م بابه‌ته‌یان دیاریكردووه".
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، داوا له حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات پێشنیاری حكومه‌تی هه‌رێم بكاته بنه‌ما بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بابه‌تی داهاته نانه‌وتییه‌كان كه پشتبه‌سته به یاسا فیدڕاڵییه‌كان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نه‌بێته ئاسته‌نگی به‌رده‌م خه‌رجكردنی مووچه و شایسته‌ی دارایی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم. له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم داوای شایسته‌كانی خۆی به‌گوێره‌ی یاسا ده‌كات ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێ حكومه‌تی فیدڕاڵ، پێشنیار و تێڕوانینی یاسایی حكومه‌تی هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه قبوڵ بكات.
"سه‌باره‌ت به بابه‌تی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمیش، كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان به وه‌كاله‌ت، هه‌موو ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكار و ئاسانكارییانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خسته‌ڕوو كه له‌پێناو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌نجامیان داوه و به‌رده‌وامیشه له هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگی سێ لایه‌نه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بێت به ئاراسته‌ی هه‌رچی زوو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ بازاڕه جیهانییه‌كان له ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ گه‌نجینه‌ی فیدڕاڵی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ڕا‌سپێردرا بۆ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بابه‌ته هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و لابردنی هه‌ر به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگێك" راگه‌یه‌ندراوه‌كه واده‌ڵێت.
بڕگه‌ی دووه‌می كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت بوو به خستنه‌ڕووی كۆنووسی هاوبه‌شی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان تایبه‌ت به پێشنیاریان سه‌باره‌ت به پیاده‌كردنی یاسای ڕاژه و خانه‌نشینی پێشمه‌رگه ژماره (38)ی ساڵی 2007 بۆ ئه‌و خانه‌نشینانه‌ی كه ئه‌م یاسایه ده‌یانگرێته‌وه كه له‌لایه‌ن شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون، خرایه‌ڕوو.
له دوای گفتوگۆ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه كه پشتیوانی له هه‌ر ڕاسپارده و بڕیارێك ده‌كات له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بێت، به ئاراسته‌ی باشتركردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی و شایسته‌داراییه‌كانیان.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ڕاسپارد كه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی خانه‌نشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێكاره یاساییه پێویسته‌كان بگرنه‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی باشترین بژارده‌ی یاسایی كه دابینكه‌ری باشترین مووچه‌ی خانه‌نشینی بێت بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كه شایانی باشترین خزمه‌تن، به ڕه‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێكی گرنگ له سیستمی به‌رگریی نیشتیمانی كه به‌رپرسیاریه‌تیی به‌رچاویان هه‌یه له پاراستنی خاك و نیشتیمان.
له هه‌مانكاتدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات مووچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه خه‌رج بكات كه دواكه‌وتووه.
له بڕگه‌ی سێیه‌مدا، ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری پێشنیار و ڕاسپارده‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییان سه‌باره‌ت به ئاسانكاریی پێشینه و قه‌رزه‌كانی تایبه‌ت به بواره‌كانی (خانووبه‌ره، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و نیشته‌جێكردن و گه‌شتیاری) خسته‌ڕوو، كه له ساڵانی پێشتر، له‌لایه‌ن بانكه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، به هاووڵاتییان دراوه.
له دوای گفتوگۆ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا ئاسانكاریی پێویست بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه پێشتر سوودمه‌ند بوون له پێشینه و قه‌رزه‌كانی بانكه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی بكات، ئه‌ویش به لێخۆشبوو‌ن به ڕێژه‌ی 15٪ ی بڕی ئه‌و پێشینه و قه‌رزانه، سه‌ره‌ڕای لێخۆشبوو‌ن له ته‌واوی سوودی بانكی و پێبژاردنی دواكه‌وتنی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ئه‌م ئاسانكارییه‌ش تاوه‌كوو 2025/12/31 به‌ركار ده‌بێت بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ده‌یانه‌وێت سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرن. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره ده‌ربكات.
PM:08:01:10/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 768
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت