دیاری محەممەد لە وەڵامی عەدالەت عەبدوڵڵا: نەوەی پاش مەرگی مام جەلال پێمان دەڵێن چەپكە گوڵەكە تا ئێرە و چیرۆكەكە تەواو; ئیتر سەردەمی جڵەوكردن و دەم كوتكردنە


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی د. عەدالەت عەبدوڵڵا، یاریدەدەر و بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی ئاراستەی هەندێک میدیای سلێمانی کرد، دیاری محەممەد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ بە وتارێک وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: "ئەوەندە توڕەیە لە میدیای ئەهلی و سەنتەری داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، هەمووان دەكاتە خانەی شەڕی بەوەكالەت".

لە نوسینەکەیدا بەناوی 'ماف و ئازادییەکان لە سنووری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا'، د.عەدالەت عەبدوڵڵا نوسیویەتی: بەو كەمپینە میدیاییانە‌شەوە، كە بەداخەوە، لەجیاتی رووماڵی پیشەیی، بە زمانی پڕوپاگەندە بەڕێوەدەچن، بەتایبەتی لەئاست هەلومەرجی پارێزگای سلێمانی، هێشتا چەقی كاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، دەزگا میدیاییەكانیان، راگەیاندنی ئەهلی، رێكخراوە مەدەنییە‌كان، بە ژمارە و رێژە بێت، یان لایەنی چۆنایەتی و ئازادیی راستەقینەی كار و پیشە، هەر لەم سنوورەدا چڕبۆتەوە، هێشتا هەمووان هەر لێرە دەركەوتووتر و دەنگ زوڵاڵترن، تا شوێنی تری هەرێم بەگشتی.

 عەدالەت عەبدوڵلا، هەروەها پێی وایە یەکێتی خاوەنی ئەو سەرمایە "رەمزییەیە كە لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا، بەڕووی هەموو هێزێكی سیاسی، رێكخراوێكی مەدەنی، دەزگایەكی میدیایی ئازاددا كراوەیە، هەر ئەو شانازییەی بۆ ماوەتەوە كە هەر لایەك، دیموكراتیانە، مەدەنییانە، دوور لە توندوتیژی و رەفتاری میلیشیایی، كاری سیاسی و پیشەیی و دیموكراتیی خۆی كردبێت، پشتگیریی كراوە، بەڵام لەبەرامبەردا، ئەوانیتر وانەبوون!"

ئاماژەی بەوەش داوە کە، هەندێک لەو لایەنانە ئەم تایبەتمەندێتییە سیاسی و فكری و پراكتیكییەی ئەزموونی یەكێتییان "بۆ مەرامی سیاسی، یان بەرژەوەندیی شەخسی بەكارهێناوە و بێلایەنیی خۆی لەدەستداوە!، هەندێکجار سوودی لێوەرگرتووە بۆئەوەی لەبەرامبەر دەستكەوتی سیاسی، یان قازانجی ماددی و پارە و تەمویل، شەڕی بەوەكالەت بۆ هێزی ركابەری سەرەكیی یەكێتی بكات‌!، بەڵام بە‌ناوی پارتی بەرهەڵستكارەوە، یان رێكخراوی مەدەنییەوە، یان سەنتەری داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان و میدیاوە!‌، یان میدیای (ئەهلی و ئازاد)ەوە، ئەمەش رەفتار و هەڵوێستێك بووە‌، كە زیانی مەعنەویی زۆری لە یەكێتی داوە."

لە وەڵامی ئەم وتارەدا، دیاری محەممەد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە نوسینێکدا بە ناونیشانی 'وەڵامێك بۆ یاریدەدەرەكەی عیماد ئەحمەد' نوسیویەتی: "یاریدەدەرێكی عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی،  لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رۆژنامەی كوردستانی نوێدا بەیاننامەیەكی بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی سیاسی یەكێتی، لەبارەی رێكخراو و میدیای ئەهلی ئۆپۆزسیۆن بڵاوكردووەتەوە، پێشنیازی كردوە"جڵەو بكرێن"، پێمخۆشە كە لە مێژووی نوێی حومكڕانی كوردستاندا، نەوە دوای نەوە بۆ یەكتری بگێڕنەوە یەكێتیی كەسی نەدۆزییەوە كۆمەڵگەی مەدەنی سلێمانی پێ بترسێنێ، جگە لە یاریدەدەرێكی كە بە تەمای پۆستی وەزیری رۆشنبیرییە، دەیەوێ ئەوەی عیماد ئەحمەد ماویەتی لەناو "چەپ"ی كوردستانیدا، بیكاتە ئامرازێك بۆ داركاریكردن و دەمكوتكردنی میدیاو كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی."

دیاری محەممەد دەڵێت: "یاریدەدەرەكەی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتی، باز دەدات بەسەر ئەو گۆمە خوێنەی شەوی لالەزار، ئەوەندە توڕەیە لە میدیای ئەهلی و سەنتەری داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، هەمووان دەكاتە خانەی شەڕی بەوەكالەت و "ئاو بكەینە ئاشی ركابەری یەكێتی"  لەبەرامبەر قازانجی ماددی و پارەو تومویل."

دەشڵێت: "لێرەدا دەمەوێت راستییەك بڵیم لە ماوەی 10 ساڵی كارکردنم لە سەنتەری میترۆ، خۆم پرۆپۆزەڵم نووسیوە و هەموو هاوكارییە داراییەكانی دەرەوەی وڵات، خۆم چاودێری وەرگرتنی هاوكاریەكان و خەرجكردنیم كردوە. دڵنیابن پارەی قاچاخچێتی نەوت و گازی دزراو و دوگ و هێلكەو دەرمان و ئەندۆمی بەسەرچووی تێدا نەبووە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، "ئەم فەرهەنگە ناشیرینەی كە دەتانەوێ بیچەسپێنن ئەوەیە كە هەر كەسێ لە هەولێر رەخنەی لە پارتی گرت، ئەوە شەڕی بە وەكالەت بۆ یەكێتی دەكات، ئەوەشی لە سلێمانی رەخنەی لە یەكێتی گرت شەڕی بە وەكالەت بۆ پارتی دەكات و ململانێی بۆ ناحەزانی یەكێتی بەڕێوەدەبات."

"ئەمە چ لۆژیك و ئەخلاقێكە دەتانەوێ بچەسپێت و هاوڵاتی و رەخنەگری پێ دەمكووت بكەن؟ ئەمە ئیرهابی فكری نەبێت، پێمبڵێن چییە؟ ئەرێ ئەم تەخوینكردنەی میترۆ تاكەی؟ ئەم كارگەی درۆیە كەی دادەخەن؟ ئەرێ لەگەڵم نەبی دوژمنمی، نەبڕایەوە؟ ئەم بانگەشەیە بۆ دەسەڵاتی رەها بەس نییە؟ ئەم هەموو پاساوە بۆ توندوتیژی ماندووی نەكردن؟ بەسە ئیتر بە ناشیرینكردنی ئەوانی تر جوان نابن؟" دیاری محەممەد وا دەڵێت.

لە کۆتاییشدا بەرێوەبەری میترۆ دەڵێت: "من لە خانەوادەیەكم كە دوو برام شەهیدی یەكێتییە، زۆر خەمبارم كە دەبینم كەسانی هەلپەرست، لەبری قسەی خێر بۆ حزبەكەیان و سلێمانی، رەخنە لە نەرمونیانی سیاسی بەڕێز (مام جەلال) دەگرێ، دەیەوێت ئەوەی ماوە لە پەراوێزی ئازادی سیاسی و رێكخراوەی و رادەربڕین  "جڵەو" بكرێت. نازانم ئەمە گاڵتەجاڕی قەدەرە، یان راسپاردەی كۆنگرەی هاوپەیمانی سۆسیال دیموكرات جیهانی عەرەبی؟ ئەوە ببینین نەوەی پاش مەرگی (مام جەلال) پێمان دەڵێن، (چەپكە گوڵەكە) تا ئێرەو چیرۆكەكە تەواو، ئیترسەردەمی جڵەوكردن و دەم كوتكردن و پاكتاوكردنی ئازادی، سەردەمی عەدالەتەكەی عیماد دەستی پێكرد."


PM:02:50:10/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو