رێباز حەملان: ناردنی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 لەسەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا وەستاوە
وێستگەنیوز-
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی رایدەگەیەنێت، لێک نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، ئاماژە بەوەشدەکات، ناردنی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 لەسەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا وەستاوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئەیلولی 2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لێک نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەسەر داهاتی ناوخۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی لێکتێگەیشتنەکان بێت وا رێککەوتووین ئەو داهاتی ناوخۆی بە یاسا هی هەرێمی کوردستانە بۆ ناوخۆی هەرێم بێت، ئەوانەی کە بە یاسا بە داهاتی عێراق هەژمار دەکرێن پەنجا بە پەنجا بێت".
رێباز حەملان وتی، " لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتنێک کراوە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، ئەو رێککەوتنە نێردراوە بۆ حکومەتی عێراق بۆی رەزامەندی لەسەر بدات".
وتیشی، "چاوەڕوانین سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری رێککەوتن لە داهات بدات، مووچەی مانگەکانی 7و 8 وەستاوە لەسەر ئەم رێککەوتنە".
PM:04:05:08/09/2025
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت