رێبەر ئەحمەد بۆ کونسوڵی ئەمریکا: دەمانەوێت پەرە بە سیستمی دژە درۆن بدەین


وێستگەنیوز_

لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی هاتنی شاندێکی بازرگانی ئەمریکا و هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، دەیانەوێت پەرە بە سیستمی دژە درۆن بدەن.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا لەبەردەم وێندی گرین، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "لە عێراقەوە چەندین درۆن ئاراستەمان دەکرێت بۆ بە ئامانجگرتنی سڤیل و ژێرخانی کوردستان، ئەمە دەکرێت ببێتە هەڕەشە بۆسەر ناوچەکە، بۆیە دەمانەوێت کار لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەین و بۆ پاراستنی سەقامگیریمان دەمانەوێت پەرە بە سیستمی دژە درۆن بدەین."

وتیشی: "ئەم هاوکارییە تەنها بۆ پاراستنی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی کۆمپانیاکان و خەڵکی ئێوەشە (ئەمریکییەکان)".

وەزیری ناوخۆ جەختیشی لەوە کردەوە کە، "رێگە لە هەموو جۆرە کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی دەگرین."

بە وتەی رێبەر ئەحمەد، "هێشتا هێشتا مەترسی داعش کۆتایی نەهاتووە بەتایبەت لە چەند ناوچەی جێناکۆک و هێشتا پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە.

سەبارەت بە سەردانەی چەند مانگی رابردووی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و واژۆکردنی چەند گرێبەستێک، رێبەر ئەحمەد دەڵێت:  دەتوانین روانگەی سەردانە سەرکەوتووەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا بکەینە هاوبەشییەکی زۆر پتەو لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بە هاوبەشی کار و بزنس بکرێت.

دووپاتیشی کردەوە، "حکومەتی هەرێم پابەندە بە هەماجۆری ئابووری و دروستکردنی هەلی کار بە تایبەتی بۆ گەنجانی خۆمان، ئەوان دڵگەرمن و خوێندەوارن و دەیانەوێت کار بکەن."

لای خۆشیەوە وێندی گرین، کۆنسوڵی ئەمریکا لە وتارێکدا وتی: پەرە بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین.

باسی لەوەشکرد، وەک سەرۆک دۆناڵ ترەمپ دەڵێت 'ئێمە دەمانەوێت بازرگانی بکەین نەک ململانێ' بۆیە هاورێیەتی و هاوکاریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و کاری زیاتر دەکەین پێکەوە.


AM:09:50:08/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت