دیاردەی مانگ گیران لە هەرێمی کوردستان روودەدات و زیاتر لە پێنج کاتژمێر دەخایەنێت


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەمشەو دیاردەی مانگ گیران لە جیهان و هەرێمی کوردستان روودەدات و سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان دەڵێت، "کۆی گشتی دیاردەکە لە هەرێمی کوردستان پێنج کاتژمێر و 27 خولەک دەخایەنێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئەیلولی 2025، ئەژی چەتۆ حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 6:28 خولەک مانگ گیرانێک روودەدات پێی دەڵێن نیمچە سێبەر چاو هەستی پێناکات، بەڵام کاتژمیر 7:27 خولەک زەوی دەگاتە ناوچەی سێبەر ئەو کات چاو هەستی پێدەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتژمێر 9:11 خولەکی شەو مانگ گیرانی تەواوەتی لە هەرێمی کوردستان روودەدات و کاتژمێرێک و 22 خولەک بەوشێوەیە دەمێنێتەوە، لە کاتژمێر 10:45 خولەک دیاردەی مانگ گیرانەکە ئەوەی کە چاو هەستی پێدەکات کۆتایی پێدێت، تەواوی دیاردەکەش لە کاتژمێر 11:55 خولەک بە تەواوی کۆتایی دێت".

ئەژی چەتۆ وتی، "کۆی گشتی دیاردەکە لە هەرێمی کوردستان پێنج کاتژمێر و 27 خولەک دەخایەنێت".

وتیشی، "وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا دیاردەی مانگ گیرانەکە دەبینن، بەڵام ئەمریکای باکوور و بەشێکی ئەمریکای باشوور دیاردەکە نابینن".

سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "دوایین مانگ گیران لە 28ی تەموزی 2018 بوو، هەروەها مانگ گیرانی داهاتووش لە 31ی کانونی یەکەمی 2028 روودەداتەوە".

ناوبراو جەختی لەوەشکردووە، "مانگ گیران هیچ کاریگەریی و مەترسییەکی لەسەر مرۆڤ و ژیان نییە، بە پێچەوانەوە لە رووی زانستییەوە سوودێکی زۆری هەیە".


AM:09:47:07/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو