عومه‌ر گوڵپی: چاره‌نووسی مووچه‌ی مانگه‌كانی (7 تا 12) نادیاره
وێستگه نیوز-
هه‌رچه‌نده تا ئێستا مووچه‌ی مانگی حوزه‌یرانی رابردووی مووچه‌خۆران و خانه‌نشینانی هه‌رێم دابه‌ش نه‌كراوه، به‌ڵام عومه‌ر گوڵپی كاندیدی سه‌ركه‌وتووی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری بۆ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه "به‌داخه‌وه، بێباكی حكومه‌تی ماوه به‌سه‌رچوو، چاره‌نووسی مووچه‌ی مانگه‌كانی (7 تا 12)ی به نادیاریی هێشتووه‌ته‌وه!".
عومه‌ر گوڵپی له راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی مووچه‌ی مانگه‌كانی (7 تا 12)ی ئه‌مساڵ باس له‌وه ده‌كات كه:
وه‌زاره‌تی دارایی بڕی (120 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی نارد بۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، ئه‌وانیش (یه‌ك ترلیۆن) و (7 ملیار) دیناریان بۆ مووچه‌ی مانگی شه‌ش نارد، به‌ڵام ڕازی بوونی به‌غدا بۆ ناردنی مووچه به‌بێ فرۆشتنی نه‌وت له ڕێگه‌ی سۆمۆوه بۆ مانگه‌كانی داهاتوو له ئه‌سته‌مه‌وه نزیكه، كه‌واته چاره‌نووسی مووچه‌كانی مانگی (7 تا 12)ی ئه‌مساڵ چییه؟
كاتێك ئێمه داوای مووچه‌و بودجه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین، پاڵپشت به یاسای بودجه داوای ده‌كه‌ین، كاتێكیش به‌غدا داوای فرۆشتنی ڕۆژانه‌ی (400 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی فیدراڵی ده‌كات، به هه‌مانشێوه به‌پێی یاسای بودجه‌ی فیدراڵه بۆ ساڵه‌كانی (2023 -2025)، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی مووچه له دواكه‌وتنی وه‌رزی ڕزگاری بێت، پێویسته حكومه‌ته ماوه به‌سه‌رچووه‌كه نه‌وت بداته سۆمۆو داهاتی مانگانه له داهاتی ناوخۆ پشكی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بنێرێت، ئه‌گه‌ر به هه‌مان ئه‌و یاسایه‌ی گله‌یی له به‌غدا پێده‌كه‌ین، به‌غداش گله‌یی له ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌كات، راستیشه.
ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته ماوه‌به‌سه‌رچووه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت میلله‌ت برسی نه‌بێت، مووچه‌ی مانگه‌كانی (7 تا 12)ی ئه‌مساڵ مسۆگه‌ر بێت، ساڵی مووچه‌خۆران دوانزه مانگ بێت نه‌وه‌ك كه‌متر، ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان نه‌كه‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و كۆمپانیاكانیان و ئه‌م دوو ئه‌ركه به زوویی جێبه‌جێ بكه‌ن:
1- رازی بن به فرۆشتنی كۆی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو له ڕێگه‌ی سۆمۆوه.
2- داهاتی ناوخۆ ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بكه‌ن به پێی یاسا‌و بڕیاری دادگای فیدراڵی.
ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو ئه‌ركه جێبه‌جێ ناكه‌ن با له داهاتی ناوخۆ‌و ئه‌و نه‌وته‌ی به ته‌نكه‌رو پاڵاوگه ده‌یفرۆشن مووچه بده‌ن، ئیتر به‌س بێت یاریی به قوتی خه‌ڵك!
له ڕاستیدا ئه‌م دۆخی مووچه‌یه بێباكی به‌رپرسانی حكومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو نه‌بێت هیچیتر نییه، كه ڕاسته‌وخۆ بێباكیه له ئاست برسێتی مووچه‌خۆران!
PM:08:54:01/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 988
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت