قوباد تاڵەبانی: ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت


وێستگەنیوز-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی لەبارەی رووداوەکانی شەوی رابردوو و ئەم بەیانییەی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زۆر دڵگران بووین بە شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، شەهیدان (سەرمەند عەلی، دیار سەردار حەکیم و ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشدا گیانیان بەخت کرد".

ئاماژەی بەوەکرد، "لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان و هەموو هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و داواکارم خوای گەورە روحی ئەم شەهیدە سەربەرزانە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم".

دەشڵێت، "هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت و تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە".

شه‌وی‌ رابردوو هێزێكی ئه‌منی له‌ سلێمانی له‌ هۆتێل لاله‌زار نزیكبوونه‌وه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی و چه‌ند به‌رپرسێكی‌ تری‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل، دوای نزیکەی چوار كاتژمێر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، بەیانی ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025 میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگی و رێبوار حامی حاجی غالی و چەند کەسێکی دیکەیان راگەیاند، دواتریش پێكدادانه‌كان راگیران.


PM:08:01:22/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو