یونامی: رەنگە بڕیاری سزادانەوەی شێروان شێروانی لە جێگەی خۆیدا نەبووبێت و بەشێوەیەکی ستەمکارانە درابێت


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی 19ـی ئەم مانگە، دادگای بنەسڵاوە لە هەولێر، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە زیندانیی بەسەر شێروان شێروانی، چالاکوان و رۆژنامەنووس سەپاند، ئەمڕۆ یونامی نیگەرانی سەبارەت بە سزاکە دەربڕی و دەڵێت: "نیگەرانین لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی و بەدوداچوونی بۆ دەکەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی 8ـی 2025، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بڕیاری دادگای بنەسڵاوە لە رۆژی 19ـی ئابی 2025 بە سزادانی رۆژنامەنووس بەڕێز؛ شێروان شێروانی، بە چوار ساڵ و نیو بەندکردن بە تۆمەتێک، کە ئەو خۆی رەتی کردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو سزایەی شێروان شێروانی رەنگە لە جێگەی خۆیدا نەبووبێت و بەشێوەیەکی ستەمکارانەش درابێت. ئێمە لەو باوەڕەداین، کە دادگای ناوبراو هۆکاری قەناعەتپێکەری بۆ ئەوەی کە پێی دەوترێت (زەرفی موشەدەد)ـی بەهەند وەرنەگرتبێت".
 
ئاشکراشی کردووە، لە دادگاییەکەی 19ـی ئاب لەوێ بوون و لە داهاتووشدا بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بەردەوام دەبێت. 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "یونامی سەرنجی ئەوە دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت" داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە دڵنیا بن لەوەی کە دادگاییکردنی تاوانباران بەشێوەیەکی روون و رەوا و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.

شێروان شێروانی، کە لە ساڵی 2021ـەوە لە زیندانە، پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نزیکەی نیوە کەم کردبوویەوە و دەبوو لە ئەیلوولی 2023 ئازاد بکرێت.


PM:12:04:21/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو