دی ئێن ئۆی نەرویجی: بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشاپوور دەستی پێکردووەتەوە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە راپۆرتی چارەکی دووەمی خۆیدا رایگەیاند، بەراورد بە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ؛ بەرهەمهێنانی نەوت کەمبووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی مانگی رابردوو هێرش کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکان، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا "بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و دواتریش پێشاپوور" دەستی پێکردووەتەوە.
 
راپۆرتەکەی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئەوەی ئاشکرا کردووە، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی دووەمی 2025ـدا لە هەردوو کێڵگەکەدا بە تێکڕا گەیشتووەتە 74 هەزار و 760 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. 

لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2025ـدا ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە تاوکێ و پێشابوور 82 هەزار و 81 بەرمیل بووە.
 
لەو بڕە، رۆژانە 27 هەزار و 940 بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و 46 هەزار و 820 بەرمیلیش لە کێڵگەی پێشابوور بەرهەمهاتووە.
 
دی ئۆن ئێ دەشڵێت: کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی دووەمدا لەبەر دوو هۆکار بووە، هۆکاری یەکەم هێرشە درۆنییەکانی ناوەڕاستی مانگی 7بووە. دووەمیش پرۆسەی چاککردنەوەی دامەزراوە نەوتییەکان بووە، کە لە 3 مانگی دووەمی ئەمساڵدا جێبەجێکراوە.
  
کۆمپانیای DNO خاوەنی 75%ـی پشکەکانی مۆڵەتی تاوکێیە و بەکارخەری بلۆکەکەیە، هاوبەشەکەشی کە کۆمپانیای "گەنەڵ ئێنێرجی "یە، خاوەنی 25%ـی مۆڵەتەکەیە.


AM:09:39:21/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو