مەکتەبی سیاسیی پارتی: بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ دەکەین


وێستگەنیوز_

پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت: پارتی جگە لە هەرێم، لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندیی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن، چارە بۆ کێشەکانی بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانیش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی ئابی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەدا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا پیرۆزبایی لە جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان کرد و دەڵێت: پارتی لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارە بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارە بکرێن. هەروەها جەختی لەسەر پرەنسیپەکانی شەراكەت، تەوازون و تەوافووق بۆ چارەکردنی كێشەكان لە عێراقێکدا کردەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکە:

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان  

پێشمەرگە قارەمانەكان

پارتی دیموكراتی كوردستان، حەفتاونۆ ساڵ لەمەوبەر، لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، کاتێک تاریکایی ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەری باڵی بەسەر ئەو قۆناغەدا کێشابوو، لە وەچەرخانێکی مێژووییدا، دامەزرا تا ببێتە کانگەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەك، هەروەها پارتی وەك پێویستییەكی دیرۆکی کە گوزارشت لە خواست و ویستی ئازادیخوازانەی گەلێك دەکات، بەیانی بوون و هەبوونی خۆی دا بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد پێگەی شایستەی خۆی بە دەست بێنێتەوە، هەر بۆیە قۆڵی خەباتی لێ هەڵماڵی و بووە دەنگی زوڵاڵی رەتكردنەوەی چەوساندنەوە و بندەستی. 

پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ لە دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان بەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین. 

پارتی پشتئەستور بە ڕێباز و دنیابینیی (بارزانیی نەمر) و، بە سوود وەرگرتن لە كەلەپووری دێرینی شۆڕشگێڕانەی گەلەكەمان، چوارچێوەیەكی ئینسانی و سەردەمیانەی بۆ كوردایەتی داڕشت و ئاوێتەی كرد بە بەها بەرزەكان و پرنسیپە ئازادیخواز و پێشكەوتووخوازەكانی مرۆڤایەتی، لەسەر ئەو بنەمایانە هێڵە گشتییەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردی داڕشت و ڕابەڕایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی کرد، کە دەستپێکێکی مەزن بوو بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و داکۆکیکردن لەو مافە ڕەوایانە. 

هاووڵاتییانی ئازیزی کوردستان

هەڤاڵان و جەماوەری هێژای پارتیمان

خەباتی نەپساوەی چەكداری و سیاسی و دیپلۆماسی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاكانی تێكۆشانیدا، هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا و ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەی پڕ سەروەرییەیدا بەدی هاتوون، لەوانە  ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) و چەسپاندنى سیستمى فیدراڵى لە عێراقدا گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و ڕێكخستنێكی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژەكان و پێكهاتە فرە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاكانی كوردستان، هەروەها بە گیانی كوردایەتی و كوردستانی و كولتووری دیالۆگ و برایەتی و پێكەوەژیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و پارچەكانی دیكەی كوردستان كاری كردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەرخستنی دۆزە ڕەواكەمان و دابینكردنی مافەكانمان. 

ئەمڕۆ كە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، پارتی ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكیەی لێ كرا، وەك پێشڕەوی كوردایەتیی و كۆڵنەدان، وەك هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و هەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەكانی و خۆڕاگری مەردانەی لە خاك و مافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگەی لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێزتر كردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەكەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەكانی نێوخۆشی وایكردووە بە ئەندازەی ئەو پڕكێشییە سەخت و دژوارانە بێت. 

 
هاووڵاتییان و کوردستانیانی هێژا

پارتیمان، لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەکات، کە بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی: (شەراكەت، تەوازوون، تەوافووق) بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا. 

لە لایەکی ترەوە لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە، کە بڕیارە لە ١١/١١/٢٠٢٥ بەڕێوەبچێ، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارەسەر و بنبڕ بکرێن، بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی و ڕەوت و خولیای تایەفەگەریی چەوت و بەرتەسک و شۆڤێنییانە، هەروەها پێکهێنانى حكوومەتێك كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت، بتوانێ سەقامگیریی سیاسیی و سەروەرىی وڵاتەکە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر ببات و هەڵە و شکستەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەرى دڵسۆزى پارتیمان و خەڵکى بەئەمەکى کوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتىی بەرنامە و هەنگاوەکانى پارتیمان بکەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور و چەسپاندنى پڕەنسیپەکانى بنیادنانەوەى عێراقى نوێیە، وەکوو وڵاتى هەمووان. 

 لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت، وەکوو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاسایشیی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت.

لەم یادە مەزنە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، جەخت لەسەر ڕوانگە ڕاستەقینە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکانى کوردستان (سەرۆکایەتىی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانى کوردستان) یەکڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین و، هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرنەخستنی هەموو ئەو پیلانە دزێو و هەوڵە نەزۆکانەی مەبەستیانە ئارامی و  سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بشێوێنن. 

لەم یادە پڕ شکۆیەدا، هەمدیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەسەر هەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان. 

لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان. 

لە یادی ١٦ی ئابدا به‌ڵێن بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ درێژەپێدەری ڕێبازەكەیان بین، كە رێبازی كوردایه‌تی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ به‌رهه‌می خوێنی بە نرخی ئەوانە. 

دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سڵاو و رێز بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین، سڵاو بۆ یادی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی سه‌رقافڵە‌ی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی شۆڕش بوون. 

لەم یادە نیشتمانییەدا، سڵاو بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیى، ئاینى و ئاینزاکانى کوردستان، کە بەشێکى گرنگ و دانەبڕاوى گەلەکەمانن دەنێرین، سڵاوى گەرم بۆ قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و، سەرجەم سەندیکا و ڕێکخراوە جەماوەرىی و پیشەییەکان.

لەم بۆنە مێژووییەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە. 

گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و سەرجەم خەڵكی خۆڕاگر و سەربەرزی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكانمان و دامودەزگا ئەمنییەکان، كە لە سایەی هێز و بازوو و جوامێریی ئەواندا كوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە. 

سەرکەوتن هەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوەش بێت ئاڵای کوردستان.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان


PM:07:15:15/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو