سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاریی لەبارەی ناردنی مووچە لە بەغداوە ئاشکرادەکات
وێستگەنیوز-
سەرچاوەیەکى باڵا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتى ئامادەیە و بەمنزیکانە رادەستى بەغدا دەکرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنى مووچەدا نامێنێت.
سەرچاوەیەکی باڵا کە هاوکات ئەندامێکى شاندى باڵاى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە کەناڵ 8ی راگەیاندووە، "لەگەڵ بەغدا لە رێککەوتن نزیکین بۆ دیاریکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگەکانی داهاتوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کۆدەبینەوە و وردەکاریی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغداد بۆ هەناردەکردنەوەی پێدەڵێن. گوتشی هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا چەند رێکارێکی تەکنیکی ماوە و هیچ گرفتێک لەنێوان هەولێر و بەغداد نەماوە".
رۆژی 15ی تەموزی 2025، هەرێمی کوردستان و عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەسەر نەوت و مووچە واژۆکرد و لە ماوەی دوو رۆژدا هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق پەسەندیان کرد.
بەگوێرەى یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، پێویستە هەرێمى کوردستان 120 ملیار دینار لە داهاتى نانەوتى رادەستى بەغدا بکات و لیژنە تەکنیکییەکان خەمڵاندن بۆ داهاتى نانەوتى بکەن، رۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ بکرێت، بەم دوو مەرجە بەغدا مووچەى مووچەخۆران بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت.
ئەمڕۆش وەزارەتى سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتى نەوتى فیدراڵ لەسەر میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت رێکەوتوون، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ ناوخۆ بەرکاردەهێنرێت و ئەوەى دیکە کە بەرهەم دەهێندرێت رادەستى سۆمۆ دەکرێت".
PM:11:31:13/08/2025
ئهم بابهته 7572
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت