حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید کردەیەکی سەرکوتگەری و دژ بەئازادی هەڵسورانی سیاسییە


وێستگەنیوز-

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی 2025، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان رایگەیاند، "شەوی رابردوو 12 لەسەر 13ی ئاب، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی، دەسگیرکرا. بەپێی ڕاگەیاندنی نەوەی نوێ، ناوبراو لەلایەن هێزێکی دەمامکداری یەکێتیەوە بەرەو شوێنێکی نادیار رفێنراوە. پۆلیسی سلێمانی و جێگری سەرۆکی دادگای سلێمانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی و پارتیش، باس لەوە دەکەن کە دەستیگرکردنەکە لەلایەن پۆلیسەوە بووە و بەپێی مادەی 431ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 169 و لەسەر سکاڵای یاسایی ئەندام پەرلەمانێكی کوردستان بووە! بڕیاربوو ئەمڕۆ 13ی ئاب، ناوبراو ببرێتە دادگای سلێمانی بۆ وەرگرتنی وتە، بەڵام دادگا بە پاساوی ئەوەی چەندین سکاڵای دیکەی لەسەرە دەستگیرکردنەکەی تا ڕۆژی 24ی ئاب درێژکردەوە!".

ئاماژە بەوەکراوە، "بێگومان دەستگیردنەکەی شاسوار عەبدولواحید، لە فەزای سیاسی کوردستان و ئەو قەیران و بنبەستەی کە یەخەی بە دەسەڵاتدارن گرتووە، ئەگەر هەر پاساوێکی یاساییشی پیبدرێت، ناتوانێ بەشێک نەبێت لە سیاسەتی توندکردنەوەی سەرکوتگەری و سەپاندنی ترس وتۆقاندن، لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، تا خەڵکی ناڕازی کوردستان ناچاربکەن بە بێدەنگی. یەکێتی و پارتی کە کودستانیان لەناو قەیرانی سیاسی- ئابوری- کۆمەڵایەتیدا نقوم و نغرۆ کردووە، ژیانی خەڵکیان بەرەو وێرانی و کارەسات بردوە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ دەربازبوون لێی دیار نییە، خەڵک برسی و بێ مووچە و بێ خزمەتگوزاریە و دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی و مناڵ و نەوەکانیان و سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیك لە خۆشیان لە ژیانی شاهانەدا دەژین، بێگومان توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك شەپۆل دەدات و هەر ڕۆژە لە گۆشەیەکەوە و بە هۆکارێکەوە دەتەقێتەوە. یەکێتی و پارتی کە بە ئەندازەی تاڵە دەزویەک پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا نەماوەتەوە، تەنها ڕێگای سەرکوت و داپڵۆسین و زیندانیان بەدەستەوە ماوە بۆ ڕاگرتنی پایە ڕزیوەکانی دەسەڵاتە میلیشیا چەتەگەرێتیەکەیان! دۆخی بنبەستی سیاسی و قەیرانگرتووی دەسەڵاتەکەیان بەجۆرێك خەتەرناکە کە تەنانەت تەحەمولی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی- پەرلەمانی ناو خێزانەکەی خۆشیان ناکەن! دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، جگەلەوەی گۆشەیەکی تر لە دەسەڵاتی سەرکوتگەری و دژبەئازادی هەڵسوڕانی سیاسی دەخاتەبەرچاو، هاوکات نیشانەی ترسێکی گەورەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە لە هاتنەمەیدان و ڕاپەڕینی جەماوەری. جوڵاندنی کەیسی سیاسی لەژێر تابلۆی یاسادا، سیاسەتێکی قێزەونی یەکێتی و پارتیە و هەر کاتێك بیانەوێ، نەیارەکانیان بەناوی یاساوە سەرکوت دەکەن. دەنا دەیان کەیسی یاسایی لەسەر خودی سەرانی یەکێتی و پارتی هەیە کە دەستیان سورە بە کوشتن و تیرۆر و زیندانیکردن و بڕینی قوتی خەڵک و.. دادگا و یاساش هیچ ڕۆڵێکی نەبووە یاخود تاوانەکانی پەردەپۆش کردووە!".

ئەوەش هاتووە، "ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، دەستگیرکردنی شاسوار عبدالواحد و هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی سەرکۆنە دەکەین و بەکردەیەکی سەرکوتگەری و دژ بەئازادی هەڵسورانی سیاسی دەزانین، هاوکات داوادەکەین کە دەستبەجێ ئازادبکرێت".


PM:07:02:13/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو