نەوەی نوێ: ئەو کاتەی وتەبێژی پۆلیس وتی شاسوار عەبدولواحید لەلایەن ئێمەوە گیراوە، خۆی نەیدەزانی لەکوێیە


وێستگەنیوز_

لەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا و هەولێر رایانگەیاند، "نەوەى نوێ لەگەڵ ئەم جۆرە رەفتارە چەتەگەرییەی پارتی و یەکێتی راهاتووە چونکە نەوەی نوێ رکابەری جوت حزبەکەیە، وتیشیان، دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دۆسیەیەکی سیاسییە و ئەم رەفتارە چەتەگەرییە ساردیان ناکاتەوە و نایانترسێنێت بەڵکو بەهێزتریان دەکات."

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان لەسەر دۆسیەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجامدا.

عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز پرسی، وەک ئاشکرایە نزیک دەبینەوە لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، ئایا ئەگەر شاسوار عەبدولواحید زیندانی بکرێت، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی دەنگەکانتان دەبێت؟ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە وەڵامدا وتی: "بە پێچەوانەوە، ئێمە پێشتریش کۆبوونەوەمان کردووە و یەکەمجار نییە کاک شاسوار بگیرێت، بەڵام لە هیچ شتێک ناترسین و هیچ شتێک ساردمان ناکاتەوە."

ئاماژەیان بەوە کرد، "دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر ئەوەیە کە پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر هەرێم گرفتی مووچە چارەسەر نەکات، هەڵوێستی جددیان دەبێت."

باسیان لەوەشکرد، "تا ئێستا نازانن لە كوێ دەستبەسەرە و نەشیان هێناوە بۆ دادگا، هەروەها لەرووی یاساییەوە بە غیابی حوكمدراوە و پارێزەكەی تانەی لەو بڕیارە داوە".

رێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەو کاتەی کە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتبووی کە شاسوار عەبدولواحید لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە، خۆی نەیدەزانی لە کوێیە. هەر لەو کاتەشدا چەند ئەندام پەرلەمانێکی نەوەی نوێ سەردانی چەندین بنکەی پۆلیسیان کردووە لە سلێمانی، هەموو بنکەکان رایانگەیاندووە کە لەلای ئەوان نییە و ئەمە خۆی بەڵگەیە کە دۆسییەکە دۆسییەیەکی سیاسییە نەوەک یاسایی، سەرەڕای ئەوەش، جێی پرسیارە کە بۆچی پێش شەش ساڵ داوای یاسایی تۆماركراوە و ئێستا جێبەجێی دەكەن؟"

ئەوەش خرایەڕوو، "هەندێك لە دادوەرەكان لەژێر فشار و كاریگەری حزبدان، هیوادارین دادوەرەكان عەواد بەندەریان بیر نەچێت".

جەختیشیان کردەوە، بە ئامادەبوون و بەبێ ئامادەبوونی شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ لەسەر رێرەوی خۆیەتی و بەردەوام دەبێت. 


PM:02:22:13/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو