جێگری سەرۆکی دادگای سلێمانی: شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازاد ناکرێت
وێستگەنیوز_
جێگری سەرۆکی دادگای سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید تەواو یاساییە و دەشڵێت، بە کەفالەت ئازاد ناکرێت
سەڵاح حەسەن، جێگری سەرۆکی دادگای سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید تەواو یاساییە و پەیوەندی بە هیچ بابەتێکی سیاسییەوە نییە و هەموو رێککارەکان بەپێی یاسا گیراونەتەبەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پەرلەمانتارێکی پێشووەوە داوای یاسایی لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمارکراوە، ناوبراو ئامادەی هیچ کام لە دانیشتنەکانی دادگا نەبووە، چەندین جار فەرمانی دەستگیرکردن و ئاگادارکردنەوەی بۆ دەرچووە بە هەمان شێوە ئامادەنەبووە، بۆیە هیچ چارەسەرێک نەماوە جگە لە دەستگیرکردنی.
جەختیشیکردەوە، بەپێی بڕیارەکە ناتوانرێت بە بارمتەی یاسایی(کەفالەت)، ناوبراو ئازاد بکرێت.
شەوی رابردوو، شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرا. دواتر سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى رایگەیاند، دەستگیرکردنەکە بە بڕیارى دادوەر بووە و فەرمانى دەستگیرکردنەکەى لە رۆژى چوارى ئاب دەرکراوە.
وتیشى، "ئەمڕۆ چوارشەممە ناوبراو دەبرێتەوە بەردەم دادگاى تایبەتمەند".
AM:10:58:13/08/2025
ئهم بابهته 820
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت