شەوی رابردوو لە سلێمانی چی روویدا و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چۆن دەستگیرکرا؟


وێستگەنیوز-لەنیا بەختیار

شەوی رابردوو لەسەر فەرمانی دادوەر، پۆلیسی سلێمانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی دەستگیر کرد.

شەوی سێشەممە 13ـی 8ـی 2025 کاتژمێر 10:00ـی هەواڵی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید لە سلێمانی بڵاوکرایەوە.

كەناڵی ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند کە هێزێكی ئەمنی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدیان دەستگیركردووە و چوار دەوری كەناڵی ئێن ئاڕتیان داوە. پەیامنێری وێستگەنیوز هەر زوو هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، کە هێزێکی پۆلیسی سلێمانی چوونەتە گوندی ئەڵمانی و بەردەم کەناڵی ئێن ئار تی و پاشان بۆ بەردەم ماڵی شاسوار عەبدولواحید.

وتیشی: هێزەکە فەرمانی دادوەرییان پێبووە و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان دەستگیرکردووە، "بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ لایەنێک لێدوانی نەداوە و نازانرێت بۆ کامە بنکەی پۆلیس گواستراوەتەوە."

سەرچاوەیەک بە وێستگەنیوزی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و 10 ڕۆژ بەر لە ئێستا دادوەر بە شەش مانگ زیندانیکردن سزای داوە.

ئەو ماددەیەی شاسوار عەبدولواحیدی پێ دەستگیرکراوە پەیوەندی بە هەڕەشەکردنەوە هەیە و دەڵێت، هەرکەسێک هەڕەشەی لە یەکێک کردبێت بە ئەنجامدانی تاوانێک دژی گیان یان سامانی یەکێکی تر، یاخود یەکێک هەڕەشەی ئابروو بردن یان ئاشکراکردنی کارێکی ئابرۆبەری لە یەکێک کردبێت بەزیندانیکردن سزا دەدرێت.

بەپێی زانیاریەکانی وێستگەنیوز، ئەم سکاڵایە لەسەر شاسوار عەبدولواحید لە ساڵی 2019 تۆمار کراوە و چەند جارێک لە دانیشتنی دادگا سزادراوە و ناوبراو ئامادە نەبووە، دواجار بەغیابی حوکم دراوە.

دوای رووداوەکە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێکیان ئاڕاستەی رای گشتی کوردستان و کونسووڵ و نێردەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "ڕفاندنی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاندبوو، کە ئەگەر لەم هەفتەیە کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت و حکومەتی هەرێم رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکات، ئەوا لە هەفتەی داهاتوو بە کرداری نەوەی نوێ هەڵوێستی گرنگی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتژمێر 10:00ـی شەو هێزێکی یەکێتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید و ڕفاندوویانە".

فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، "ئەو رەفتارەی سەرانی یەکێتی ئیدانە و شەرمەزار دەکەن و بەهەموو لایەکی رادەگەیەنن کە پاراستنی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەئەستۆی بافڵ تاڵەبانی وقوباد تاڵەبانیدایە و داوا لە کونسوڵ ونێردە نێودەوڵەتیەکان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن لەئاست ئەو رەفتارە نایاساییەی سەرانی یەکێتی".

هەر لەسەر دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شەوی ڕابردوو ئینستیتیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان (IRI) ، بۆ مافەکانی مرۆڤ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بە توندی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدیان کرد و رایانگەیاند، "بە دەنگی بەرز و بەشێوەیەکی ڕەسمی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەکەن، کە تاوانەکەی جگە لە ڕەخنە گرتنی بنیاتنەرانە لە دەسەڵات هیچی تری نەکردووە".

IRI دەڵێت: "ئەوکارە توندوتیژ و نائاساییە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی  شاسوار عەبدولواحید دەکەین، کە لە ئیستادا سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی کوردستان".

لای خۆشیەوە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، |هێزێكی ئەمنی شاسوار عەبدولواحیدیان لە ماڵەكەی خۆی بۆ شوێنێكی نادیار رفاندووە و پێویستە هاوڵاتیان هەڵوێستیان هەبێت، نازانین ئەو هێزە کێ بووە سەر بەکێ بوون و شاسوار عەبدولواحیدیان بۆکوێ بردووە، تەنها دەزانین هێزەکە  سەربە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانییە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەو کارەیان کردووە".

سروە عەبدولواحید وتیشی: "بەم کردارە وادەزانن کاک شاسوار یاخود جوڵانەوەکە دەترسێنن، بەڵام ئەمە دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەیە و تا سەر بەردەوام نابێت، تەنیا هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، جوڵانەوەی نەوەی نوێیە و سەرۆکەکەیەتی، دەیانەوێت ئەم هێزە بترسێنن ئێمە ناترسین و بەرگری لە خەڵکی کوردستان دەکەین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمان لە جیاتی بچن مووچە و ئاو و کارەبا بۆ خەڵک دابین بکەن، هاتوون بەشێوەیەکی ناشرین مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیار دەیگوازنەوە، ئەگەر شتەکە یاسایی بوایە بەڕۆژی ڕووناک دەهاتن نەک بە شەو، كەس نەهاتووە بڵێ سكاڵات لەسەرە و پێشتر ئەمری دەستگیركردنی نەبووە، تەنها ئەوان لە هەڵوێستی شاسوار عەبدولواحید ترساون".

هەر دوو کاتژمێر دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، پۆلیس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە شاسوار عەبدولواحید بەپێی بڕیاری دادگای کەتنی 2ـی سلێمانی دوو، لەسەر فەرمانی دەستگیرکردنی ژمارە 251ـی ساڵی 2021، لە 4ـی 8ـی 2025 لە لایەن هێزێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراوە و ڕێكارە یاساییەكانی بەرامبەر گیراوەتەبەر".

بە وتەی پۆلیسی سلێمانی، شاسوار عەبدولواحید ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ببرێتە بەردەم دادوەری تایبەتمەند.

دواتر کەناڵی ئێن ئارتی گرتە ڤیدیۆییەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان بڵاوکردەوە، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە شاری بەغدا تۆماری کردووە و تێیدا وتویەتی: "چەند رۆژێکە پەیامم بۆ دێت کە بگەڕێمەوە کوردستان دەستگیر دەکرێم، بەڵام من دەگەرێمەوە ئەگەر لە سێدارەشم بدەن، من نە پیاوم کوشتووە، نە  سەروەتی وڵاتم دزیووە و نە هیچم کردووە، ئەوەی ئەوان هەیانە بەرامبەرم ئەوەیە کە من قسە دەکەم و هێزێکی ئۆپۆزسیۆنم".

شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: "کاتێک ئەم ڤیدیۆیەم بڵاودەبێتەوە ڕەنگە من لە زیندان بم، کە نازانم ماوم مردووم بەڵام خوا شاهێدە هیچ بەخەیاڵمدا نایەت، ئامانجی پارتی و یەکێتی ئەوەیە ئەو کەمپینەی رامانگەیاندووە سەرنەگرێت، بەڵام دڵنیام هاوڕێکانم و پەرلەمانتارەکانمان لە عێراق و هەرێم، زۆر باشتر لەمن ئەوەی لە دەسەڵاتیاندا هەبێت دژی گەندەڵی پارتی و یەکێتی دەیکەن".

"پێشتر تەقەم لێکراوە و چوارجار زیندانیکراوم و لە ژووری تاکەکەسی دانراوم بۆ ئەوەی ئیرادەم بشکێت، بەڵام بە هیچ شتێک ئیرادەمان نەشکاوە و ئەگەرێمەوە کوردستان چیم لێ ئەکەن با بیکەن." بەشێکی دیکە لە قسەکانی شاسوار عەبدولواحید.

بەگوێرەی لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، "ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید دادگایی دەکرێت، بەڵام دیار نییە ئایا بەگوێرەی ماددە یاساییەکەی پێی تۆمەتبار کراوە سزا دەدرێت یاخود بە کەفالەت ئازاد دەکرێت".


AM:09:09:13/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 1624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو