ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان نابڕدرێت
وێستگەنیوز_
جگە لە هاوکارییەکانی دیکە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەنگۆ هەیە کۆتایی ئەم ساڵ ئەو هاوکارییە نەمێنێت، لەو بارەیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاری هاوپەیمانان بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی واشنتن و هەولێر بەردەوام دەبێت. هاوکات "کارەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بە خاوی بەڕێوەدەچن".
لیوا بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاندووە، "بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە، هاوکارییەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئۆکتۆبەری ساڵی 2026".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "مانگانە و سێ مانگ جارێک تاوتوێی پێشکەوتنەکانی خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە دەکرێت. ئەگەر لایەنی ئێمە پابەندییەک جێبەجێ نەکات، لایەنی بەرامبەر بەگوێرەی ئەوە راپۆرت ئاراستەی سەرەوەی خۆی دەکات و پێدەچێت بڕگەیەک لە هاوکارییەکە ببڕدرێت و بڕگەیەکی دیکە زیادبکرێت کە ئەوە ئاساییە. بەڵام جەخت دەکەینەوە کە هاوکارییەکان نابڕدرێن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکارییەکان تەنها ماددی نین، بەڵکو دابینکردنی پێداویستی، راوێژکاری، مەشق و چەند بوارێکی دیکەن.
لیوا بەختیار لەبارەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەوە ئاشکرای کردووە: "کارەکان بۆ یەکخستنەوەی تەواوی پێشمەرگە بەردەوامن و نەوەستاون، بەڵام بە خاوی بەڕێوەدەچن، هۆکارەکەشی ئەوەیە پێشمەرگە خاوەن بودجەی تایبەتی خۆی نییە، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەری خۆیان هەیە، هاوکات پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش هۆکارێکی خاوبوونی پرۆسەکەیە".
PM:02:32:10/08/2025
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت