بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی کوردستان: ئەمجارە بە باشمانزانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکەین
وێستگەنیوز-
دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی بەشدارینەکردنی حزبەکەیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیامێکیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی کوردستان هاتووە، سەبارەت بە بەشداریکردنی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەند خاڵێکی گرنگ ڕوون دەکەینەوە:
١- هێشتا ڕەخنەکان سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوی ریشەیی بۆ چارەسەرکردنیان نەنراوە و نزیک بە دە مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە هێشتا نەتوانراوە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەکانی هەڵبژێردرێت و حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هەڵبژاردنیش نەیتوانیوە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هێزە حکومرانەکان لە کوردستان.
٢- دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و ململانێی توندی ناو عێراق و جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەنجامەکانیان هێشتا بە تەواوی یەکلانەبوونەتەوە و چارەنووسی هەڵبژاردنی عێراقیش تا رادەیەکی زۆر نادیارە.
٣- وەک بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی هەوڵماندا لەگەڵ چەند لایەنێک هاوپەیمانی بکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگەکان پەرت نەبن و سوود لە دەنگی هەموو لایەنەکان وەربگیرێت، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئێمەش ناچار خۆمان بە جیا لە کۆمیسیۆن تۆمارکرد و زۆربەی ڕێکارەکانمان تەواوکردن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، بۆیە لە ئێستادا بە باشمانزانی ئەمجارە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا نەکەین.
٤- لە هەر بڕیار و هەنگاوێکی نوێی بزووتنەوەکەمان سەبارەت بە چۆنێتیی بەشداریکردنی ئەندام و لایەنگرانمان لەم هەڵبژاردنەدا ئاگادارتان دەکەینەوە و دڵنیابن لەوەی بێ وچان لە هەوڵداین بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی و ڕابوونی ئیسلامی و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، ئێمە بەردەوامین و پشتیوان بە خودا بزووتنەوەکەمان دەکەینەوە ئەو هێزەی جێگای دڵخۆشی هەمووان بێت.
٥- دۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێم تا دێت خراپتر دەبێت و کێشمەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش ئاسۆیەکی ڕوونی تیا نییە بۆ بنبڕکردنی کێشەکان و چارەسەری دۆخی دارایی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، ئێمەش بەشێکین لە هاوڵاتیانی هەرێم و داهات و خەرجیمان لەسەر شانی ئەندامانمانە، هەر بۆیە نەمانتوانیوە ئەو بڕە پارە جیاوازانەی بۆ کۆمسیۆن پێویستە دواتر بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دابینی بکەین، هەر بۆیە نەمانتوانی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین.
بزووتنەوەکە دەشڵێت، "لێرەوە بە ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانمان ڕادەگەیەنین کە بڕیار و ڕێنماییمان دەبێت و بە پشتیوانی خوای گەورە داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی بزووتنەوەکەتان وەک حزبێکی ئیسلامی بەهێز و کاریگەر دەکات".
PM:11:47:09/08/2025
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت