بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی یەکێتی پێکهاتەکان لە حەسەکە بڵاوکرایەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025، بە سەرپەرشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"، كارەكانی كۆنفرانسی یەکێتی پێكهاتەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر ناونیشانی "یەك هەڵوێستی پێكهاتەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا" لە شاری حەسەكە بە بەشداری زیاتر لە 400 كەسایەتی و نوێنەرانی پێكهاتەكانی ناوچەکە ئەنجام درا.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکە بەشداربووان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تیادا جەختیان لەسەر پێویستیی چەسپاندنی فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و رۆشنبیری لە پێکهاتە سیاسییەکاندا کردەوە و داوای پەیڕەوکردنی دەستوورێکی دیموکراتییان کرد کە لامەرکەزییەت لە حوکمڕانیدا و بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
داوایانکردووە پێداچوونەوە بە دەستووری ئێستای سوریا بکرێت، چونکە پێیان وایە ئاواتی سورییەکان بۆ ئازادی و کەرامەت ناهێنێتە دی.
لە بەیاننامەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "پێکهاتە ناوخۆییەکانی سوریا لە سایەی ڕژێمە مەرکەزییەکاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا، دەیان ساڵە تووشی پەراوێزخستن و وەدەرنان بوون".
ئەوەش هاتووە، "ئەو کارانەی لە دژی دانیشتوانی کەناراوەکان و سویدا و مەسیحییەکان ڕوودەدەن، دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە".
بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و کۆنفرانسی "یەکگرتوویی کورد" دووپاتکردەوە وەک هەنگاوێک بەرەو کۆدەنگی هەمەلایەنەی نیشتمانی.
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکە دەرچووە، گوزارشت لە ئیرادەیەکی ئازاد و هۆشیارییەکی هاوبەشی بەکۆمەڵ دەکات بۆ بنیاتنانی سوریایەکی یەکگرتوو، دیموکراسی، لامەرکەزی، کە دەوڵەتی یاسا زاڵە و کەرامەتی مرۆڤایەتی تێدا پارێزراوە".
PM:03:46:08/08/2025
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت