مورشید خەزنەوی: دەبێت مافی کورد لە دەستووری سوریا مسۆگەر بکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025، بە سەرپەرشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"، كارەكانی كۆنفرانسی پێكهاتەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر ناونیشانی "یەك هەڵوێستی پێكهاتەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا" لە شاری حەسەكە بە بەشداری زیاتر لە 400 كەسایەتی و نوێنەرانی پێكهاتەكانی ناوچەکە دەستیپێکرد.
لەمیانەی کۆنفرانسەکەدا مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "لە رابردوودا هەرچی خراپە بەرامبەر بە میلـلەتەکەمان کراوە، لەپێناو ئازادی ئەمڕۆماندا سەدان قوربانیمان داوە".
جەختی لەوەشکردەوە، "زۆرداری لە گەلی کورد بێ ئەنجام دەبێت و رێگە بەهیچ کەس نادەین داهاتووی گەلی کورد دیاریبکات".
ئاماژەی بەوەکرد، "داوادەکەین دەستوورێک بێتە ئاراوە دان بە مافەکانماندا بنێت، بۆیە دەبێت مافی کورد لە دەستووری سوریادا مسۆگەر بکرێت".
مورشید خەزنەوی وتی، "کورد شەڕخواز نییە هەمشە داوای گفتوگۆ دەکات، هەروەها گەلی کورد داوای ئازادی بۆ هەموو گەلانی دیکە دەکات".
AM:11:55:08/08/2025
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت