بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسنک دەستیپێکردووەتەوە


وێستگەنیوز_

کۆمپانیای شاماران دەڵێت، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە تاوەکو نزیکەی سێ مانگی دیکە ناتوانن بە تەواوی تواناوە نەوت لە کێڵگەی سەرسنک بەرهەمبهێنن.
 
کێڵگەکانى ئەتروش و سەرسنک دەکەونە پارێزگاى دهۆکەوە و کۆمپانیاى شاماران لە 47% و کۆمپانیاى (HKN) لە 28% پشکیان هەیە و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لە 25% پشکى هەیە.

کۆمپانیای شاماران راپۆرتی چارەکی دووەمی ئەمساڵی بەرهەمهێنانی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: لە کێڵگەی ئەتروش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە گەیشتووەتە 35 هەزار و 100 بەرمیل نەوت، لە کێڵگەی سەرسنگیش 28 هەزار و 700 بەرمیل نەوتە و کۆی گشتیی بەرهەمهێنان 63 هەزار و 800 بەرمیل نەوتە، ئەمەش بەراورد بەهەمان ماوەی لەساڵی رابردوو نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوت زیادیی کردووە، بەڵام کۆی قەرزەکانی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە زیاتر لە 154 ملیۆن دۆلار.

راپۆرتەکە لەبارەی هێرشکردنەسەر کێڵگەی نەوتییەکانی ئەتروش و سەرسنگ لە 15ـی تەمموزی 2025، ئەوەی خستووەتەڕوو، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە کە کراوەتەسەر کێڵگەی سەرسنک و زیان بەر سێ وێستگە و عەمباری هەڵگرتنی نەوت کەوتووە، بەرهەمهێنان وەستاوە، لە کێڵگەی ئەتروشیش هیچ زیانێک تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەوان وەک رێکارێکی خۆپارێزیی، بەرهەمهێنانیان لەو دوو کێڵگەیە راگرتووە.

کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن کە کاری دەرهێنانی نەوتە، لە کێڵگەکانی سەرسنک و ئەتروش دەڵێت؛ لەپاش گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵنیابوون لە ئارامیی دۆخەکە، بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسنک دەستیپێکردووەتەوە، بەجۆرێک کێڵگەی ئەتروش تەواوی بەرهەمهێنان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە سەرسنک بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاست نزمە، چونکە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان ئەو کێڵگەیە دەتوانێت تەنیا بە نیوەی توانای بەرهەمهێنانی تاوەکو تشرینی یەکەمی 2025، کاربکات.

بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیاکە راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە لە 25ـی ئازاری 2023 بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی کردووەتەسەر چالاکییەکانی شاماران و داهاتە داراییەکەی، هەربۆیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ دەستپێکردنەوەی دەکەن.

گارێت سۆدێن، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شاماران دەڵێت، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کەرتی نەوت و حکومەت کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییە نەوتەکانی عێراق-تورکیا دەکەن".


PM:12:18:07/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو