ئەگەر ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیل نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەست بکات بەغدا رۆژی یەکشەممە مووچە دەنێرێت
وێستگەنیوز_
ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچە دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیل نەوت و بڕی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات، ئەوا یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی هەرێمی کوردستان گرتویەتیەبەر، رۆژی یەکشەممە مووچەی مانگی 6 دەنێرێت.
شەوی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، رێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکان زیانی زۆری بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 180 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
راشیگەیاند، وەفدێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبوونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیاندا هەبووە.
هەر بە وتەی رێباز حەملان، بڕیارە ئەمڕۆ وەفدەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن، ئەگەر کۆبونەوەکە ئەنجام و لێکتێگەیشتنێکی باشی هەبوو ئەوا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی 6 و 7 دەدرێت.
هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە، سەرجەم گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مانگی 6 و 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمە، "ئەگەر بەغدا گەرەنتی ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران بکات ئەوا 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەست دەکەن".
رۆژی چوارشەممە 7ـی ئابی 2025، شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زۆر باش بووە و بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەدا بوون، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، بڕیار لەسەر مووچەی مانگی شەش بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بەیانییە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەفدی ناردە بەغدا و تەنها ئەوە ماوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە مووچە بدات؛ هەموو ئەگەرەکانیش بەو ئاراستەیەن، رۆژی یەکشەممە مووچەی مانگی شەش بنێردرێت".
بە وتەی شوان کەلاری، حکومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم تەنها دەتوانن 130 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەمبهێنن.
هەر لە رۆژی چوارشەممەدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە میانەی سەردانیکردنیدا بۆ شاری کەرکووک رایگەیاند، "دانوستاندن و کۆبوونەوەکان بەردەوامن لەگەڵ برایانی هەرێم، لە پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەکان لەبارەی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان، کە تاوەکو ئێستا کاردەکەن لە کوردستان نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە و رێککەتووین لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکە وەری دەگرین و لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکەین".
AM:11:22:07/08/2025
ئهم بابهته 560
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت