کێ ناسنامەی عەجاج-ی ئاشکرا کرد و نهێنییەکە چییە؟


وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چۆنیەتی دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی، رایدەگەیەنێت، عەجاج و کەسوکارەکەی لەگەڵ خێزانێکی تری عەرەب دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، بۆیە ئەو خێزانەی کێشەیان لەگەڵی هەبووە دەزگا ئەمنییەکانی عێراقیان له‌ ناسنامه‌كه‌ى ئاگادار کردووەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چۆنیەتی دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی بە دەزگای میدیای پەنجەرەی راگەیاندووە، "عەجاج کەسێکی دەوڵەمەندە و وەکو سەرۆک خێڵ خۆی پیشانداوە، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، بۆیە لایەنی دووەمی کێشەکە ناسنامەی راسته‌قینه‌ى ئه‌ویان بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ئاشکراکردووە".

عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کە بە "جەلادی ئەنفال" ناسراوە و ئازار و ئەشکەنجەی قورسی ئەنفالکراوەکانی لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان داوە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاندووە، دوای زانیاری وردی هەواڵگیری، توانرا لە پارێزگای سەڵاحەدین، عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیربکرێت، کە بە "جەلادەکەی نوگرە سەلمان" ناسراوە و یەکێکە لە تۆمەتبارانی پرۆسەی ئەنفال.

پەری نوری، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاندووە، "عەجاج ئێستا تەمەنی نزیکەی 80 ساڵ دەبێت، بەڵام هێشتا کەسێکی پتەوە، هەندێک جوانکاری ئەنجامداوە بۆ گۆڕینی شێوەی بۆی نەناسرێتەوە، نکۆڵی لەوەناکات کە ئەو عەجاجە، تەنها نکۆڵی دەکات کە تاوانەکانی نەکردووە".

ئەوەشی خستەڕوو، "بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان سکاڵایان دژی ئەو تۆمەتبارە تۆمارکردووە، هەروەها دۆسیەکەی عەجاج لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە".


PM:10:46:01/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 9088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت