یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان: دەستگیركردنی عەجاج هەنگاوێکی گرنگە و کۆدی نهێنی زۆر دەرگای دیكە دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستگیركردنی "عەجاجی نوگرە سەلمان"، چەندە درەنگ وەختەیە، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە و کۆدی نهێنی زۆر دەرگای دیكە دەکاتەوە.


ئەمشەو هەینی 1ی ئابی 2025، یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە فەرمی دەستگیرکردنی (عجاج احمد حردان التکریتی) راگەیاند، کە لە ناو گەلی کوردستان بە جەلادەکەی نوگرەسەلمان و دێوەزمەی ناو تاوانی ئەنفالی ناسراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "دەستگیرکردنی تاوانبارێکی گەورەی وەك عەجاج، کە تەنها رزگاربووانی نێو قەڵای نوگرە سەلمان دەتوانن گوزارشت لە تاوان و دڕەندەییەکەی بکەن، هەر چەندە درەنگ وەختەیە، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە و کۆدی نهێنی زۆر دەرگای تر دەکاتەوەو دەمانگەیەنێتە زۆر نهێنی شاراوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان وێڕای ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان بە هەموو دامەزراوە فەرمیەکان رادەگەیەنین، کە شوێن پێی زانیارییەکان کەوتوون، تا دواجار دەستگیرکردنی ئەو جەلادەی لێهاتە بەرهەم، کە (22) ساڵە لە چنگی یاسا خۆی شاردۆتەوە.. هاوکات داوا دەکەین:

یەکەم: پرۆسەی دانپێدانان و وەرگرتنی زانیارییەکان لە تاوانبار بە ئامادەبوونی تیمێکی شارەزایی نووسەرانی بواری جینۆساید بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیارییە شاراوەکان، بە تایبەت کە زانراوە عەجاجی تاوانبار بە مەبەستی خۆشاردنەوەی لە دەزگا ئەمنیەکان چەندین ڕێگا و شێوازی بەکارهێناوە، وەک گۆڕینی رووخساری لە رێی نەشتەرگەری جوانکاری و گۆڕینی ناوی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی مردنی له ساڵانی رابردوو.

دووەم: دەستگیرکردنی ناوبراو بکرێتە سەرەداوی دۆزینەوە تێوەگلاوانی تر لە تاوانی ئەنفال.

سێیەم: داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین، بچن لە بەغدا سکاڵا لەسەر سەرۆک جاش و مستەشارە داواکراوەکان تۆمار بکەن.

له کۆتایی راگەیەندراوەکەی یەکێتی نووسەرانی جینۆساید هاتووە، پیرۆزبایی لە سەرجەم کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربووانی قەڵای نوگرەسەلمان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین بە بۆنەی دەستگیرکردنی عەجاجی تاوانبار.


PM:10:10:01/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت