شوان جه‌بار: به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكی و ئه‌پده‌یته‌وه كێشه بۆ ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت دروست بووه
وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت هه‌واڵی به‌شێك له میدیاكان ره‌تده‌كاته‌وه كه باسیان له‌وه كردبوو "بڵاوكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه راگیراوه"، ده‌شڵێت: "به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكی و ئه‌پده‌یته‌وه كێشه بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه دروست بووه".
ئه‌مڕۆ هه‌ینی شوان جه‌بار به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت تایبه‌ت به وێستگه نیوزی وت: "هه‌واڵی راگرتنی بڵاوكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه دووره له راستییه‌وه".
شوان جه‌بار ده‌ڵێت: "ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت له رۆژانی هه‌ینی و پشوودا به‌هۆی ئه‌پده‌یتكردنی داتاكانه‌وه كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت و هه‌ندێك جار له كار ده‌كه‌وێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌پده‌یتكردنی ماڵپه‌ڕه‌كه و به‌هێزكردنی سكیوریتی (لایه‌نی ئه‌منی)ین".
روونیشیكرده‌وه كه "ئه‌وه‌ی دروست بووه كێشه‌ی ته‌كنیكییه له ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا نه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن به‌بێ به‌دواداچوون و وه‌رگرتنی لێدوانی لایه‌نی فه‌رمی بڵاویانكردووه گوایه بڵاوكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان راگیرابێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ته‌كنیكییه‌كان، داهاته‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه وه‌ك جاران شه‌فافانه به‌شێوه‌ی رۆژانه و هه‌فتانه و مانگانه به‌رده‌ست ده‌بن و هه‌مووان ده‌توانن ده‌ستیان پێی بگات.
ئه‌م لێدوانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت دوای ئه‌وه دێت كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌شێك له میدیاكان بڵاویان كرده‌وه كه ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت كه تایبه‌ته به بڵاوكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه راگیراوه.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت، ئێستا رۆژانه سه‌رجه‌م داهاته نانه‌وتییه‌كانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕین له ماڵپه‌ڕه‌كه تۆمار ده‌كرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه.
له 15ی كانوونی یه‌كه‌می 2022 قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی شه‌فافییه‌تی له‌باره‌ی داهات و خه‌رجی راگه‌یاند، به‌ڵام تائێستا پڕۆژه‌كه نه‌توانراوه سه‌رتاسه‌ری له هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
PM:01:02:01/08/2025
ئه‌م بابه‌ته 832
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت