عەجاج، دیارترین "جەلادی شاڵاوەکانی ئەنفال" دەستگیرکرا


وێستگەنیوز-

لە دوای 38 ساڵ دەستگیرکردنی تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی "عەجاج ئەحمەد حەردان" راگەیەندرا، ئەمەش بووە هۆی دڵخۆشبوونی کەسوکاری ئەنفالکراوان.


دەزگای میدیای کوردسات بڵاویکردەوە، بە هاوكاری نووسینگەی د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی "عەجاج ئەحمەد حەردان" لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیركرا.

نووسینگەی خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاندووە، "داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان دەكەین پەیوەندیمان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە".

بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان سکاڵایان دژی ئەو تۆمەتبارە تۆمارکردووە، داواش دەکرێت کێی تر سکاڵای هەیە بێت سکاڵا تۆماربکات دژی "عەجاج".

هەروەها پەری نوری، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "عەجاج ئێستا تەمەنی نزیکەی 80 ساڵ دەبێت، بەڵام هێشتا کەسێکی پتەوە، هەندێک جوانکاری ئەنجامداوە بۆ گۆڕینی شێوەی بۆی نەناسرێتەوە، نکۆڵی لەوەناکات کە ئەو عەجاجە، تەنها نکۆڵی دەکات کە تاوانەکانی نەکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسانەی سکاڵا تۆماردەکەن دەتوانن لە رێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە یان مۆنۆمێنتی چەمچەماڵەوە پەیوەندیمان پێوەبکەن".

یەکێک لە قوربانییانی دەستی عەجاج کە لە پرۆسەی ئەنفالدا کوڕێکی تەمەن حەوت ساڵان بووە ئێستا مامۆستایە و لە قەزای کەلارە بە کوردسات نیوزی وت، "لە پرۆسەی ئەنفالدا تەمەنم تەنها حەوت ساڵ بووە کاتێک گیراوین و براوینەتە نوگرە سەلمان عەجاج لێی داوم و رۆژێک بەندی کردووم".

ئاماژەی بەوەکرد "هەرکاتێک باس لە نوگرە سەلمان دەکرێت ئێمە دڵتەنگ دەبین، بەڵام ئەمڕۆ کە باس لە نوگرە سەلمان دەکرێت دڵخۆشین، چونکە عەجاج دەستگیرکراوە، عەجاج و نوگرە سەلمان مۆتەکەی رۆحی ئێمەن".

عەجاج کێیە؟

عەجاج یان حەجاج، ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان) تکریتیە، خەڵکی تکریتە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حسێن، هەروەها پلەی رائیدی ئەمن بووە.

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، ماڵی لە کەرکوک بووە، دواتر بەرەو سوریا رایکردوە و لە گەڕەکی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە شوقەیەکدا ژیاوە.

لەکاتی دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، بەردەوام سەیری پرۆسەکەی کردووە و ئاگاداری ئەوە بووە ناوی وەک تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە.

سێ کوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەکداری قاعیدە و لە شەڕێکدا لە ناحیەی (زلوعیە)ی پارێزگای سەڵاحەدین کوژراون، هەروەها کوڕە بچووکەکەی ناوی رائید بووە و لە سوریا لەگەڵ باوکی ژیاوە.

عەجاج دوو پاسەوانی تایبەتی هەبووە بەناوەکانی سەخر و شەوقی، چارەنووسی سەخر نادیارە، شەوقی لە ساڵی 2011 چووەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەری کردووە.


PM:08:34:31/07/2025




ئه‌م بابه‌ته 4756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت