قوباد تاڵه‌بانی: ئه‌نجامده‌رانی هێرشه درۆنییه‌كان رووبه‌ڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هیوای خواست ئه‌نجامده‌رانی هێرشه درۆنییه‌كان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن و رووبه‌ڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازیكرد له وه‌فدێكی باڵای سه‌ربازی به‌ریتانیا به سه‌رۆكایه‌تی ئیدوارد ئاڵگرن، راوێژكاری باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگریی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا و پێكه‌وه تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و دواین گۆڕانكارییه سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌یان كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، له ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه رۆژی چوارشه‌مه(30/7/2025) له هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌ڕێوه‌چوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاكرا له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی عێراق و ناوچه‌كه.
هه‌ردوولا هاوڕابوون كه له شه‌ڕ و بارگرژییه‌كانی ماوه‌ی رابردووی ناوچه‌كه‌دا سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ئه‌رێنی بووه و جه‌ختیشیان كرده‌وه "پێویسته حكومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته به‌رده‌وام بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به هێرشه درۆنییه‌كان و به ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستانیش، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ماوه‌كانی رابردوودا هه‌نگاوی باش نراوه به ئاراسته‌ی سه‌قامگیری عێراق، به‌ڵام دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌مجۆره هێرشانه مه‌ترسییه بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش" و هیواشی خواست "ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن و رووبه‌ڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له چۆنییه‌تی به‌هێزتركردنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا كرا. له‌مباره‌یه‌وه وه‌فدی سه‌ربازی به‌ریتانیا جه‌ختیان كرده‌وه كه به‌ریتانیا وه‌ك هاوبه‌ش و هاوپه‌یمان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت و كار ده‌كه‌ن بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به تایبه‌ت له‌ڕووی راوێژی سه‌ربازی و راهێنانی زیاتر به پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان.
PM:07:09:30/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 672
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت