حکومەتی هەرێم بە لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران قەرزی 10 ساڵی عێراق دەداتەوە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە (9)ی هەمواركراوی ساڵی 2014 بڕیاری لە %10ی لێبڕینی مووچە لە فەرمانبەران بۆ خانەنشینی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم بڕیارەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تەموزی 2025، دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بکات".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە جێبەجێکردنی بڕیاری لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2014وە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی بەشێک لە مانگەکانیان وەرنەگرتووە یان مووچەیان بە لێبڕینەوە وەرگرتووە، چۆن ئەم لێبڕینە دەکرێت، ئەمەش جێگەی تێبنییە".

دارا سێکانیانی وتی، "کێشە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان کرا نییە، ئەگینا دەبوو لایەنی پەیوەندیدار بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت و داوای روونکردنەوەیان لێبکرایە لەسەر ئەم پرسە".

وتیشی، "بەپێی بڕیارەکە بێت بە سێ ساڵ حکومەتی عێراق قەرزی 10 ساڵ واتە لە ساڵی 2014 بۆ 2024 لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە".

بڕیارەکە لە مووچەی مانگی تەموزی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت و سەرجەم مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازی دەگرێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک لیستی مووچەی مانگی تەمووز دەنێرێت، بەپێی ئەو سیستمە ئامادەی دەکات.


PM:03:59:29/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 2712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو