د.شاخەوان عەبدوڵڵا:دوای 80 رۆژ فەرمانبەرانی هەرێم هەواڵی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دەبیستن


وێستگەنیوز-

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "مایەی خۆشحاڵییە دوای 80 رۆژ فەرمانبەرانی هەرێم هەواڵی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دەبیستن".

ئەمشەو هەینی 18ی تەموزی 2025، د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی لەبارەی مووچە و نەوتەوە ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو :

1- مایەی خۆشحاڵییە دوای 80 رۆژ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی خۆش دەبیستن کە ئەویش خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی ئەمساڵە.

2- ئەگەر هۆشیاری خەڵکی کوردستان و درککردنیان بەپیلانی لەناوبردنی ئەزموونی هەرێم و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان نەبێت ئەوە چی ئیرادەیەکە بتوانێت بەرگەی سەختی ژیان و بێ مووچەیی بگرێت بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ، ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان لەکاتێکدا مایەی سوپاس و پێزانینە لەهەمانکاتدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەگۆڕنا کەدەیانگوت ئینتیمای نیشتیمانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان نەماوە یان لاواز بووە.

3- دیسان ئەوە سەلمێندرا کە هێز لەیەکگرتن و یەکڕیزییە و چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکانمان و رووبەرووبوونەوەی هەر پیلانێک لەدژی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان.

4- مایەی داخە هەندێک کەس و لایەن کە لەپەنجەکانی دەست تێپەڕناکات نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەران کرد، بەداخەوە هەرکات نزیکبوونەوە و رێککەوتن دروست دەبوو لێدوانێکی نابەرپرسانە یان بڵاوکردنەوەی داتایەکی نادروست رێکەوتنەکانی دوادەخست تائەو کاتەی دەسەلمێنرا کە ئەو زانیارییە دورە لەراستی، بەداخەوە خۆش باوەڕی بەرپرسانی ئیتحادیش بۆ ئەو فەیسبووک چی و لایڤ چیانە لەجێگای خۆی نەبوو تاوەکو ئەم دوایانە بۆیان دەرکەوت کەتەنها ئەو داتاو ژمارانە راستن کەلایەن حکومەتەوە و بەفەرمی پێشکەشیان دەکرێت.

5- پێشنیار دەکەم لەهەر باردۆخێکدا کۆمەڵێک پرنسیب و پیرۆزی و بەهای نیشتیمانی هەیە بیپارێزین و تەجاوزی نەکەین، ناکرێت هێزێکی سیاسی هەبێت یان کەسێک لەهەرێم حەزبکات مووچە سەرف نەکرێت و خەڵک برسی بکرێت و کێشەکان بەردەوام بێت تەنها بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردن سودی لێوەربگرێت.

6- سوپاس بۆ یەک دەنگی هێزە سیاسییەکان لەمەڕ ئەم پرسە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ، سوپاسی تایبەت بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە بۆ ئەم پرسە بەردەوام لەسەرخەت بو هەمیشە نیگەرانی خۆی لەسیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان بەهێزە سیاسییەکانی ناوخۆو دەرەوە دەگەیاند، سوپاس بۆ سەرۆکی هەرێم و سوپاسێکی تایبەت بۆ سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نەرمی زۆری نواندو و دەست بەرداری بەشێک لەمافەکانی هەرێم بوو، سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێم و پشو درێژیان ،سوپاس بۆ بەرپرسانی کورد لەبەغدا ئەوەی رۆڵی هەبوو لەیەکتر گەیەشتن و چارەسەرکردنی گرفتەکان ،

د.شاخەوان دەشڵێت، "لەکۆتاییدا هیوادارم ئەم پرسە بەشێوەیەکی یەکجاری کۆتایی بێت و چیتر قوتی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بەکێشەی سیاسی و کارگێڕی و هونەری نەکرێت".


PM:10:13:18/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت