فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ: پێویستە فێڵ لەم رێککەوتنەدا نەکرێت


وێستگەنیوز-

فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا پەیامێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، "پێویستە فێڵ لەم رێکەوتنەدا نەکرێت، هەروەها مووچەی مووچەخۆران تەوتین بکرێت تاوەکو ئەم کێشەیە سەرهەڵنەداتەوە".

ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێککەوتننامەی نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتحادی پەسەند کرد و بریاریشیدا کە مووچەی مانگێک بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت".

ئەوەشیان خستەڕوو، "ئەم رێککەوتننامەیەی ئێستا، یەکێکە لەو زنجیرە رێککەوتننامانەی کە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەرابردوودا لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی واژووی کردوە، بەڵام بەزۆربەیانەوە پابەند نەبووە".

دەشڵێن، "بۆیە هیوادارین رێکەوتننامەی ئەمجارە دوایین رێککەوتننامە بێ و زوو بە زوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرێم و حکومەتی ئیتحادیش بەسەرجەم برگەکانییەوە پابەند بن، لەوانەش رادەستکردنی نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ و لەهەمووشیان گرنگتر تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران لەسەر بانکە فیدراڵیەکان لەلایەن حکومەتی ماوە بەسەرچوی هەرێمەوە هەروەک لە بریاری دادگای فیدراڵی و مەرجەکانی حکومەتی ئیتحادیشدا هاتووەو هەروەها سەرفکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا لەلایەن حکومەتی ئیتحادیەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێکتێگەیشتنی هه‌ولێر و به‌غدای له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند كرد.


PM:04:55:17/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت