سه‌نته‌ری‌ میترۆ: مامه‌ڵه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌ولێر به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان جێگه‌ی ره‌فز و ئیدانه‌كردنه‌


وێستگه‌نیوز –

سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند كه‌ "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری هه‌ولێر، به‌شه‌ق و هه‌ڕه‌شه‌كردن و جنێودان ده‌ستبه‌سه‌ر مۆبایلی كه‌سی رۆژنامه‌نووسان و كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌گرن و به‌ مه‌رجی وه‌رگرتنی پاسوۆرد مۆبایله‌كانیان راده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ جێگه‌ی ره‌فز و ئیدانه‌كردنن".

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆدا هاتووه‌ كه‌:

* له‌ 14ی ته‌مووزی 2025، له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر كۆنگره‌ی رۆژنامه‌گه‌ری و ناڕه‌زایه‌تی هه‌بوون، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌مارۆی شوێنه‌كانیان دا و ئاسته‌نگیان بۆ كاره‌كانیان درووست كرد". 

*ژنانی كورانی عه‌نكاوه‌ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ به‌رانبه‌ر كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌، شه‌قامی سه‌ره‌كی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان داخستبوو، داوای دادوه‌رییان ده‌كرد له‌ دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌. له‌و كاته‌دا (هێرش قادر) په‌یامنێری ئێن ئارتی و هاوكاره‌كانی (عه‌لی عبدالهادی وێنه‌گر، ئازاد سه‌عید شوفێری ده‌زگاكه‌) چووبوون بۆ رووماڵكردنی رووداوه‌كه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان، هێزێكی ئه‌منی په‌لاماری دان.

*هێرش قادر به‌ میترۆی وت كه‌ "پێنج كه‌س به‌شه‌ق په‌لاماری منیان دا، ئازارم پێ گه‌یشت". وتیشی: "له‌ شه‌ق و په‌لاماردانه‌كه‌ به‌ ئازارتر بێڕێزی كردن و جنێودانه‌ به‌ كه‌س و كارت له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌وه‌".

 *هه‌ر ئه‌و رۆژه‌، كاتێك تیمی كه‌ناڵی سپێده‌ (هیوا فه‌قیانی، محمد گه‌نجۆ، نه‌به‌ز گورزه‌یی)، ده‌گه‌نه‌ شوێنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ی ژنانی كورانی عه‌نكاوه‌.

*په‌یامنێری سپێده‌ به‌ میترۆی وت: " كه‌ گه‌یشتین، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاتنه‌ لامان و وتیان بڕۆن واز له‌و خه‌ڵكه‌ بهێنن، ئێوه‌ ئاژاوه‌ مه‌نێنه‌وه‌، هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌".

*وتیشی‌: "به‌ زه‌بری هێز و هه‌ڕه‌شه‌كردن تیمه‌كه‌ی سپێده‌ له‌ شوێنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌، "یه‌كێك له‌ هێزه‌كه‌ كه‌ قسه‌ی بۆ ده‌كردین ده‌مانچه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو نه‌ك به‌ قه‌دییه‌وه‌ بێت". 

*تیمی وێستگه‌ نیوز، (شاهین فوئاد، ئه‌حمه‌د شاخه‌وان) و ئاپۆڕا نیوز له‌ یه‌ك ئۆتۆمبێلدا بوون كاتێك هێزێكی مه‌ده‌نی چه‌كدار كه‌ زیاتر له‌ 10 كه‌س ده‌بوون خۆیان نه‌ناساندووه‌، گه‌مارۆیان داون، داوای مۆبایلی هه‌ردوو تیمه‌كه‌یان كردووه‌، ‌و ئه‌وانیش راده‌ستیان كردووه‌".

*شاهین فوئاد، په‌یامنێری وێستگه‌ نیوز، به‌ میترۆی وت: "په‌یوه‌ندیمان به‌ ئاسایشه‌وه‌ كرد، ئه‌وكاته‌ زانیمان ئه‌مانه‌ ئاسایشن پاش پێنج كاتژمێر مۆبایل و كامێراكه‌مان وه‌رگرته‌وه‌ به‌ڵام به‌ بێ میمۆری".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

قەدەغەكردنی روماڵی ناڕەزایی و دەمكوتكردن پەرەدەستێنێت

سلێمانی، 16ی تەمووزی 2025: هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێر، بەشەق و هەڕەشەكردن و جنێودان دەستبەسەر مۆبایلی كەسی رۆژنامەنووسان و كەلوپەلی رۆژنامەگەری دەگرن و بە مەرجی وەرگرتنی پاسوۆرد مۆبایلەكانیان رادەست دەكەنەوە، هەموو ئەمانە جێگەی رەفز و ئیدانەكردنن.

لە 14ی تەمووزی 2025، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر كۆنگرەی رۆژنامەگەری و ناڕەزایەتی هەبوون، هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی شوێنەكانیان دا و ئاستەنگیان بۆ كارەكانیان درووست كرد. 

هێزێكی جنێودەر

ژنانی كورانی عەنكاوە لە شاری هەولێر لە بەرانبەر كەمی ئاوی خواردنەوە، شەقامی سەرەكی گەرەكەكەیان داخستبوو، داوای دادوەرییان دەكرد لە دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە.

لەو كاتەدا (هێرش قادر) پەیامنێری ئێن ئارتی و هاوكارەكانی (عەلی عبدالهادی وێنەگر، ئازاد سەعید شوفێری دەزگاكە) چووبوون بۆ رووماڵكردنی رووداوەكە، لەگەڵ گەیشتنیان، هێزێكی ئەمنی پەلاماری دان.

هێرش قادر بە میترۆی گووت،" پێنج كەس بەشەق پەلاماری منیان دا، ئازارم پێ گەیشت "گووتیشی" لە شەق و پەلاماردانەكە بە ئازارتر بێڕێزی كردن و جنێودانە بە كەس و كارت لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییانەوە".
 

سپێدەی ئاژاوەگێڕ

هەر ئەو رۆژە، كاتێك تیمی كەناڵی سپێدە (هیوا فەقیانی، محمد گەنجۆ، نەبەز گورزەیی)، دەگەنە شوێنی نارەزایەتییەكەی ژنانی كورانی عەنكاوە، ئاسایش سەرقاڵی بڵاوە پێ كردنی بەشداربوانی چالاكییەكە و لابردنی بەربەبەستەكانی بەردەم شەقامەكە بوون .

پەیامنێری سپێدە بە میترۆی گووت، " كە گەیشتین، هێزە ئەمنییەكان هاتنە لامان و وتیان برۆن واز لەو خەڵكە بهێنن، ئێوە ئاژاوە مەنێنەوە، هیچ كیشەیكیان نییە"

بە زەبری هێز و هەرەشەكردن تیمەكەی سپێدە لە شوێنی ناڕەزایەتیەكە دوور دەخەنەوە، "یەكێك لە هێزەكە كە قسەی بۆ دەكردین دەمانچەی بەدەستەوە بوو نەك بە قەدییەوە بێت" پەیامنێرەكەی سپێدە وای گووت. 

 دوژمنانی میمۆری

تیمی وێستگە نیوز، (شاهین فوئاد، ئەحمەد شاخەوان) و ئاپۆڕا نیوز لە یەك ئۆتۆمبێلدا بوون كاتێك هێزێكی مەدەنی چەكدار كە زیاتر لە 10 كەس دەبوون خۆیان نەناساندووە، گەمارۆیان داون، داوای مۆبایلی هەردوو تیمەكەیان كردووە، ‌و ئەوانیش رادەستیان كردووە.

بەر لە گەمارۆدانیان ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئەلەنترای رەنگ سیلڤەریان بینیوە چەند كەسێكی تیا بووە، وێنەی دوو تیمەكەیان گرتووە.
شاهین فوئاد، پەیامنێری وێستگە نیوز، بە میترۆی گووت "پەیوەندیمان بە ئاسایشەوە كرد، ئەوكاتە زانیمان ئەمانە ئاسایشن پاش پێنج كاتژمێر مۆبایل و كامێراكەمان وەرگرتەوە بەڵام بە بێ میمۆری".

پڕكردنەوەی فۆرم و پەنجەمۆركردن

لەگەرەكی عەدالەی شاری هەولێر، دوو ئۆتۆمبێلی چەكدار بەبەرگی مەدەنییەوە، بەردەم تیمی ئاپۆرانیوز دەگرن، تیمەكە هاتبوون بۆ رووماڵی كۆنگرەی رۆژنامەگەری یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی عێراق.

هێزەكە كە دەزانن تیمەكە (دیاكۆ حسێن پەیامنێر، مەسعود رەسوڵ وێنەگر، تەیب ڕەزا شۆفێر) میدیاكارن، داوایان لێدەكەن لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزن، مۆبایل و كامێراكانیان رادەست بكەن. 

دیاكۆ حسێن، پەیامنێری ئاپۆڕانیوز بە میترۆی گووت، "بە شێوازێكی ناشرین مامەڵەیان لەگەڵدا كردین و موبایلی كەسی و كامێرا و میمۆرییان لێ سەندین" گووتیشی، "ئێوارە لە ئاسایشی هەولێر داوای پاسوۆردی مۆبایلەكانیان لێكردین، بەناو گەلەری مۆبایلەكاندا دەگەڕان و وێنەیان دەسڕییەوە".

دیاكۆ باسی لەوەكرد كە لە ئاسایش فۆرمێكی زانیارییان پێ پڕكردونەتەوە كە ناونیشانی تەواوی كەسی تیا بووە. جەختیكردەوە، "پاشان پەنجەمۆریان وەرگرتین و مۆبایلەكانمان وەرگرتەوە".

لولتان دەدەین بە شاپان دەتانبەین

لەهەمان شوێندا تیمێكی كەناڵی زووم ( كاروان حەمە ساڵح، شێوان مەولود، ئیسماعیل محەمەد)، پاش ئەوەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیان رووماڵكرد، هێزەكە نزیكیان دەبنەوە و بۆ ماوەیەك دەستبەسەریان دەكەن موبایل و كامێرا و كەلوپەلەكانیان لێ دەستێنن.

كاروان حەمە ساڵح گووتی، " هەڕەشەیان لێ كردین كە ئەگەر قسە بكەین بە شاپان لولتان دەدەین" گووتیشی، "ئێوارە چووین بۆ ئاسایش بۆ وەرگرتنەوەی موبایلەكانمان، بەڵام هەتا پاسوۆردمان نەدا پێیان موبایلەكانیان نەداینەوە".

كاروان باسی لەوەكرد كە كاتێ موبایلەكانیان وەرگرتەوە، واتسئاپ و مەسنجەر و تێلیگرامەكەی كرابوونەوە و نازانێت تەماشای چییان كردووە بەڵام گووتی، " لە ناو گەلەری موبایلەكەم چەند وێنە و ڤیدیۆیەكی تایبەت بە خۆم سڕاونەتەوە كە هیچ پەیوەندییان بە رووداوەكانی ئەو ڕۆژەوە نەبووە".
 
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت رووداوەكانی 14ی تەمووز بەرانبەر بە تیمەكانی راگەیاندن پێمان دەڵێت كە بارودۆخی كاری رۆژنامەنووسی پڕ ئاستەنگە و پێشێلكاری بەرانبەریان هێشتا نەبووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك كە ئەنجامی دەدات لە هەر پلە و پایەكی دەسەڵاتدا بێت.


PM:05:04:16/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو