حککک: لەبەرامبەر هەر دەنگێکی ناڕازیدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەم دەسەڵاتە ئامادەن بۆ خەفەکردنی ناڕەزایەتیەکان


وێستگەنیوز_

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەی ناڕەزایی مامۆستایان و لابردنی خێمەی ناڕەزاییان لە کەرکووک، دەڵێت: "لەبەرامبەر هەر دەنگێکی ناڕازیدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەم دەسەڵاتە ئامادەن بۆ خەفەکردنی ناڕەزایەتیەکان".

کۆمیتەی کەرکوکی، سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان رایگەیاندووە، "کۆمەڵێک مامۆستای خوێندنگەی کوردی لە شاری کەرکوک خێمەیەکی مانگرتنیان لەبەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەڵدابوو وەک ناڕەزایەتیەک بەوەی کە 75 ڕۆژە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مووچەیان پێنەدراوە. پەیام و داوای مامۆستایان تەنها ئەوە بوو کە مافی خۆیانە مووچەکانیان پێبدرێت و چیتر دوانەخرێت".

"بەڵام وەک پیشەی هەمیشەییان هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک، بەبیانوی نەبوونی مۆڵەتەوە، بە زەبر و زۆر خێمەکەیان پێچایەوە و ڕێیان گرت لە درێژەدانی ناڕەزایەتی مامۆستایان". راگەیەندراوەکە وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە کۆمیتەی کەرکووکی حیزب، هەروەک ئەمڕۆ بە وجودمان لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازیدا پشتیوانی و پاڵپشتی خۆمان بۆ داوای ڕەوای دانی مووچە دەربڕی و لەپاڵیاندا ڕاوەستاین، ئێستاش ئەم کردەوەیەی پارێزگار و هێزە ئەمنیەکانی بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای ئازادی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین دەزانین. ئەم کردەوەیە هاوکاتە لەگەڵ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری بێبەش لە وەرتێ و هەولێر و سلێمانی و هەر ناوچەیەکی تر کە هێزە ئەمنیەکان بە تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ناڕازی وەڵامیان دایەوە."

هەر لە راگەیەندراوەکە هاتووە، "ئەم دەسەڵاتە وەک مافی خەڵک نادات و مووچەکان گل دەداتەوە و بە ئاشکرا قوتی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵک دەدزێ، لەبەرامبەر هەر دەنگێکی ناڕازیشدا هێزە سەرکوتگەرەکانی ئامادەن بۆ خەفەکردنی ناڕەزایەتیەکان. بەڕاستی ئەگەر حکومەتی عێراقیش زەڕڕەیەک بە تەنگ ژیانی هاوڵاتیانەوە بووایە مافەکانی خەڵکی کەرکوک و تەواوی عێراقی دەستەبەر دەکرد".

دووپاتیشی دەکاتەوە، "ئێمە جارێکی تر پشتیوانی لە داخوازی دانی مووچەی مامۆستایانی کەرکوک ڕادەگەیەنین و کردەوەی سەرکوتکەرانەی دەسەڵات و هێزە ئەمنیەکان سەرکۆنە دەکەین".


AM:08:47:16/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو