تۆڕی هاوپەیمانی 19: تاوانی كوشتن و سەركوتكردنی خۆپیشاندانەکەی وەرتێ شەرمەزار دەكەین
وێستگەنیوز_
لە پاش خۆپیشاندانی شەوی رابردووی هاوڵاتیان لە سنووری ناحیەی وەرتێ و کوژرانی خۆپیشاندەرێک، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەمووزی 2025، تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاند، "بە توندی ئیدانەی تەقەكردن لە بەشداربووانی خۆپیشندانەكەی ناحیەی وەرتێ دەكات كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتییەكی بێ چەك و برینداربوونی سێ كەسی دیكە".
تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەڵێت: |شەوی رابردوو، هاوڵاتیانی ناحیەی وەرتێ سەر بە قەزای رەواندزی پارێزگای هەولێر ڕژانە سەر شەقامەكان و داوای مافی ڕەوای خۆیان بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كرد، كەبەكارهێنانی بەرزترین ئامرازی دیموكراسی: خۆپیشاندانی ئاشتیانە".
ئاماژەی بەوەش داوە، "لە بری ئەوەی داواكارییە ڕەواكانیان جێبەجێ بكرێت یان مافە دەستوری و مرۆییەكانیان بۆ گردبوونەوە و دەربڕین بپارێزرێت، تووشی توندوتیژی بوون كە لە ئەنجامدا خۆپیشاندەرێك بە ناوی (حەسەن عەبدولڕەحمان، كە پۆلیسی بەرگری فریاكەوتنە، خاوەنی پێنج منداڵە بە فیشەك گیانی لەدەستدا و سێ هاوڵاتی تر برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە كران".
"ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، تیایدا چەكدارێك بەرگی مەدەنی پۆشیوە، تەقەدەكات و پەلاماری هاوڵاتییەك دەدات، دیمەنێكی روونە بۆ سەركوتكردنی دڕندانەی دەربڕینی ئاشتیانە." ئەمە هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە.
دووپاتیشی دەکاتەوە کە، هاوپەیمانی 19 "تاوانی كوشتنی هاوڵاتییەكی بێ چەك و برینداركردنی كەسانی تر لە كاتی خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا، بە توندی ئیدانە دەكات، ئەم كردەوەیە تاوانی پێشێلكردنی ئاشكرای مافی ژیانە، داوا دەكات دەستبەجێ و بە شەفافیەتێكی تەواو بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەكە بكەن و وردەكارییەكانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن".
دەشڵێت: اوپەیمانی 19 جەخت لەسەر مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكاتەوە وەك مافێكی بنەڕەتییەو بە پێی دەستوور و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤە دەبێت بپارێزرێت.
تۆڕی 19 لەكاتێكدا هاودەنگی لەگەڵ خێزانی قوربانیانی ئەم تاوانە دەكات بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، داواش لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات، فشار بخەنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی 'ڕووداوە دڵتەزێنەكانی' لەو جۆرە.
تۆڕی هاوپەیمانی19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
PM:12:03:14/07/2025
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت