نەوزاد شێخ کامیل: لە %73ی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە %73ی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەردەوامی هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تەموزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە %73ی هاوڵاتییان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەولێر لە %77، لە سلێمانی زیاتر لە %73 و لە هەڵەبجە زیاتر لە %83 و لە دهۆکیش زیاتر لە %66ی هاوڵاتییان فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە".
لەبارە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانەوە نەوزاد شێخ کامیل وتی، "پرۆسەکە بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەمشەو لە کاتژمێر 12:00ی شەو پرۆسەکە لە سلێمانی کۆتایی دێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "لە هەولێر و دهۆک تاوەکو 15ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەوان گەنمی ناوچەکانی مادەی 140 وەردەگرن".
جێگای ئاماژەیە، چەند ساڵێکە لە کاتی وەرگرتنی گەنم گرفتی کەمی شوێن لە سایلۆی راپەڕین هەیە، چونکە ساڵانە گەنمی وەرگیراو بەتەواوی ناگوازرێتەوە ئەمەش گرفتی شوێنی دروستکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران لەکاتی خۆیدا، چونکە گەنمی ساڵی ڕابردووو هێشتا بەشێکی نەگوازراواتەوە.
PM:01:42:13/07/2025
ئهم بابهته 772
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت