مه‌سعود بارزانی: ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له پڕۆسه‌ی ئاشتیدا گیراونه‌ته‌به‌ر هه‌نگاوی گرنگن
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه پڕۆسه‌ی ئاشتی پێویستی به پشوودرێژی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئه‌نجامێكی باش، ده‌شڵێت: "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له پڕۆسه‌ی ئاشتیدا گیراونه‌ته‌به‌ر هه‌نگاوی گرنگن".
باره‌گای بارزانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی 11ی ته‌ممووزی 2025 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تیی سیاسی و شاندی باڵای ده‌م پارتی كرد كه پێكهاتبوو له: "ئه‌حمه‌د تورك، له‌یلا زانا، سری ساكێك، تونجه‌ر باكر هان هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی و چیده‌م قلێچگون ئوچار هاوسه‌رۆكی هه‌رێمه‌كانی دیموكرات و مه‌ڕال دانشبه‌شتاش پارلمانتاری ده‌م پارتی و به‌ردان ئوزتورك به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌م پارتی".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له دیداره‌كه‌دا شاندی میوان ده‌ستخۆشییان له بارزانی كرد بۆ ڕۆڵی به‌هێز و نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژیی له پشتیوانیكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و داوایان كرد له ڕۆڵی خۆی له پاڵپشتیكردنی ئه‌و پڕۆسه مێژووییه له قۆناغه جیاجیاكاندا به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ها وێڕای گه‌یاندنی په‌یام و داواكه‌ی ئۆجه‌لان دا‌واشیان كرد كه بارزانی سه‌ردانی ئۆجه‌لان بكات".
باره‌گای بارزانی ده‌ڵێت: "بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له پڕۆسه‌ی ئاشتیدا گیراونه‌ته‌به‌ر هه‌نگاوی گرنگن به ئاراسته‌ی دروست".
وتیشی: "پڕۆسه‌ی ئاشتی پێویستی به پشوودرێژی و وردبینی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئه‌نجامێكی باش، ده‌ساڵ گفتوگۆ باشتره له یه‌ك كاتژمێر شه‌ڕ و به شه‌ڕ و توندوتیژی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێن و ده‌بێ پشت به خه‌باتی سیاسی و دیالۆگ و یه‌كترقبوڵكردن و دیپلۆماسی ببه‌سترێت".
بارزانی ئاماژه‌شی به‌وه دا كه "له‌پێناو سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ی له توانایدا بێت درێخی ناكات".
سه‌باره‌ت به داواكارییان بۆ سه‌ردانی بۆ لای ئۆجه‌لان ڕایگه‌یاند كه "له هه‌لومه‌رجێكی گونجاو‌دا سه‌ردانه‌كه ئه‌نجام ده‌درێت".
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داواشی كرد "هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتی له توركیا بن".
PM:07:12:11/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 548
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت