مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و پرسی مووچەیان تاوتوێکرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەموزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا ، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدرال بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
PM:01:26:06/07/2025
ئهم بابهته 516
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت