وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم: گەنمی ماوەی جوتیاران وەردەگیرێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، گەنمی ماوەی جوتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەموزی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر کۆنووسی پێشنیارکراوی لیژنەی بالای تایبەت بە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەوەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەپێی ئەو بڕە گەنمەی کە ماوە لە کوردستان، بەمەرجێک بە پێی (مواسەفات)ی عێراقی بێت، بۆ هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک نرخەکەی 550 هەزار دینارە، بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تۆنێک بڕی 525 هەزار دینار دیاریکراوە، پێویسته جوتیار پشتگیری بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکان پێ بێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار کرابێت، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە ماوەی (یەک مانگ )دەبێت ،لە رێکەوتی 15/7/2025 دەستپێدەکات، شایستە داراییەکانی جوتیاران لە ماوەی (دوو مانگ) دەبێت لە رێکەوتی وەرگرتنی گەنمەکە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەم پرۆسەیە لە لایەن پڕۆژەی نیشتیمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە سایلۆکانی (خۆشناو و قەیوان )جێبەجێدەکرێت، بە چاودێری و هەماهەنگی لیژنەی بالای وەرگرتنی گەنمی ناوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، وەک پاڵپشتیەک بۆ ساغکردنەوەی ئەو بڕە گەنمەی جوتیاران لەدوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراق دیاری کرابوو، کەبەشی هەرێمی کوردستانیش لەو پڕۆسەیە تەنها 400 هەزار تۆن بوو".


AM:10:53:06/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو