مەسعود بارزانی بۆ خەڵکی هەڵەبجە: ئەركی دامەزراوەكانی هەرێمە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 5ی تەموزی 2025، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان بەناوی خەڵكی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ رۆڵی مەسعود بارزانی هەبوو لە هەوڵەكانی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشتر پێشكەش بە هەڵەبجە كراون، هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێم و پارلەمان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیان لە بەغدا كرد كە پێكەوە هەوڵی جدییان دا بۆ سەرخستنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هەروەها داوایان كرد مەسعود بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەكانی خۆی بۆ هەڵەبجە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەڤەری هەڵەبجە لەڕێی دامەزراوەكانی هەرێم.
ئاماژە بەوەکراوە، لای خۆیەوە مەسعود بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی هەڵەبجە رایگەیاند، "بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا بابەتێكی مەعنەویە و لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی هەڵەبجە بەراورد ناكرێت".
وتیشی، "بە شانازییەوە خۆم بە ئەندامێكی ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەزانم و ئەركی دامەزراوەكانی هەرێمیشە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن".
هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.
PM:06:16:05/07/2025
ئهم بابهته 488
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت