سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ تەنها لە %18.3 پشکی هەرێمی ناردووە


وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەم سێ ساڵەی رابردوو حکومەتی فیدراڵ بە هۆکاری سیاسی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە بارمتە گرتووە، ئاماژە بەوەشدەکات، سیاسەتی برسیکردنی مووچەخۆرانی هەرێم بووەتە پڕۆگرام و پڕەنسیپ لای حکومەتی عێراق.


سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "لای هەمووان روونە، كە لەم سێ ساڵەی رابردوو حکومەتی فیدراڵ بە هۆکاری سیاسی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە بارمتە گرتووەو سیاسەتی برسیکردنی مووچەخۆرانی هەرێم بووەتە پڕۆگرام و پرەنسیپ لەلایان".

ئاماژە بەوەشدەکات، "لە پشكی دیاریكراوی ساڵی 2023، لە كۆی (16,497,000,000,000) دینار تەنها (4,698,000,000,000) دینار نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان كە دەكاتە 28.5%، هەروەها لە پشكی دیاریكراوی ساڵی 2024، لە كۆی (20,910,000,000,000) دینار تەنها (10,026,445,322,000) دینار نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان كە دەكاتە 47.9%، سەبارەت بە ئەمساڵیش لە پشكی دیاریكراوی ساڵی 2025 كە تا ئێستا حەوت مانگی تێپەڕیوە، لە كۆی (20,910,000,000,000) دینار تەنها (3,829,000,000,000) دینار نێردراوە بۆ هەرێم كە دەكاتە 18،3% كە لە راستیدا دەبوو زیاتر لە نیوەی كۆی گشتییەكە واتە سەرووی (10،445،000،000،000) دینار نێردرابوایە بۆ هەرێمی كوردستان".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، ئەمە تەنها ئەو ناحەقییە كە لە بواری مووچە و بودجە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام ئەگەر وردتر ببینەوە، دەبینین حكومەتی فیدراڵی چەندین ناحەقیی دیكەشی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان كردووە، وەك:

‎1. لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر لە عێراقدا دامەزرێنراوە كە نەك هەر هیچ میلاکێکی بۆ هەرێمی کوردستان تێدا نییە، بەڵكو لە ساڵی 2014 تا ئێستا ڕێگەش نەدراوە حكومەتی هەرێمی كوردستان یەک کەس دابمەزرێنێت.

2. کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی و نادەستوری پەک خراوە و دوای چەندین ڕێکكەوتن كەچی تا ئێستاش بەبیانوی جۆراوجۆر تەگەرە دەخرێتە بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، لە بەرامبەردا زانیاری زۆر و زەوەند هەن لەسەر پرسی قاچاخ و کونکردنی بۆریی نەوت و بردنی لەلایەن کەسانی ناحکومی و بەرپرسانی سەربازی و چەکدارییەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

‎3. هەموو سەرچاوەیەکی دارایی هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە و هەوڵ دراوە هاتوچۆی بازرگانی و جموجۆڵی دەروازە سنوورییەکانی كوردستان لاواز بکرێت تا داهاتی هەرێم بە یەکجاری وشک ببێت.

‎4. رێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەكانی كوردستان كراوە و باجی گومرگییان لەسەر دانراوە.

‎5. هەرێمی كوردستان لە دەرمان و پێداویستی و ئامێری پزیشکی بێبەش کراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 40%ی ئەو نەخۆشانەی لە کوردستان چارەسەر وەردەگرن، لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێنە هەرێم.

‎6. هەرێمی كوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان بێبەش کراوە و رێگە نادرێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بکەن.

‎7. هێزی پێشمەرگەی کوردستان جگە لە مووچەبڕین، بێبەش كراوە لە هەموو پاڵپشتییەکی سەربازیش.

‎8. نەك هەر هیچ پاڵپشتییەكی دارایی هەرێمی کوردستان نەكراوە لەسەر لەخۆگرتنی سەدان هەزار ئاوارەی سووری و عێراقی، بەڵكو ڕێگە نادرێت هیچ ڕێکخراوێکیش هاوکاریی ئاوارەکان بکات.

9. وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان سنووردار كراوە، كەچی بۆ جوتیارانی عێراق نەك هیچ سنووردارییەك نییە، بەڵكو بە ملیۆنان دۆلاریش بۆ هاوردەكردن و کڕینی گەنم دەنێردرێتە دەرەوە.

دەشڵێت، "لە کۆتاییدا دۆخی عێراق پێویستی بە پابەندبوونی دەستوری هەیە و هەرێمی کوردستانیش وەک هەرێمێکی دەستوریی دانپێدانراو، پێویستە مافەکانی پێبدرێت. دەبێت کۆتایی بە عەقڵیەتی سڕینەوەی هەرێمی کوردستان بهێنرێت، نابێت چیدیکە پارەی خەڵكی كوردستان بۆ بانگەشەو دژایەتی بەکاربێت و سەنگی لایەنەکان لەسەر بنەمای دژایەتی و فشارخستنە سەر هەرێمی کورستان لە هەڵبژاردنەكان دیاری بکرێت، نابێت هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەست بە پلە دووبوونی خۆیان لە عێراقدا بكەن. گرنگە هەموومان پێکەوە سەقامگیریی عێراق بپارێزین و لە ماف و ئەرکدا وەک یەک بین و لەم دۆخە سەختەی كە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، بتوانین ناوچەکە ئارام بهێڵینەوە".


PM:09:05:03/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو