دوو رۆژی دیکە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا کۆتایی دێت


وێستگەنیوز_ شاهین فوئاد

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، دوو رۆژی دیکە و لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا کۆتایی دێت و نوێژی مردووی بە غائیبی لەسەر دەکرێت.
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی تەمموزی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بو وێستگەنیوزی راگەیاند رایگەیاند: "5ـی ئەم مانگە سێ مانگی تەواو بەسەر ونبوونی ئاڤێستا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەو کات دەست لە گەڕان هەڵدەگرین و راپۆرتی کۆتایی پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین لەسەر ئەنجامی گەڕانەکە لەو ماوەیەدا".

کاروان میراودەلی ئاشکرای کرد، کاتژمێر 06:00ـی بەیانی رۆژی شەممە هەتا ئێوارە بەدوایدا تەرمەکەدا دەگەڕێن و ئیتر بە شێوەیەکی فەرمی کۆتا رۆژی گەڕانەکان دەبێت. هاوکات، بۆ مانگەکانی و 8 و 9، وەک هاوکارییەک بۆ خێزانەکەی، 15 رۆژ جارێک بەدوای تەرمەکەدا دەگەرێن.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای مانگی یەکەم، بڕیار بوو هەفتەی دوو رۆژ بەدوای تەرمی ئاڤێستا بگەڕێن، بەڵام لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا رۆژانە بەردەوام بوون تاوەکو ئێستا.
 
بە وتەی کاروان میراودەلی، 8 تیمی بەرگریی شارستانیی سۆران کە نزیکەی 60 کەس دەبن رۆژانە بەردەوام لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا لە گەڕان بەردەوامن. گوتیشی، لە دوایین رۆژدا هەوڵەکانیان زیاتر چڕ دەکەنەوە و بە 24 تیم بەدوایدا دەگەڕێن.
 
ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ، رۆژی 5ـی نیسانی 2025 لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە نێو رووباری تەنگاتووڕ.
 
کاروان میراودەلی باسی لەوەشکرد، "5ـی تەممووز سێ مانگ بەسەر ونبوونی ئاڤێستا تێدەپەڕێت. دوای راپۆرتی کۆتایی ئێمە، خێزانەکەی دەتوانن نوێژی مردووی بە غائیبی لەسەر بکەن".



AM:11:07:03/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو