لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەڵەبجە دامەزرا


وێستگەنیوز-

پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، بۆ گەشەپێدانی ژینگەی وەرزشی لە پارێزگاکەدا، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عێراق بڕیاری دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەڵەبجەی واژۆکرد.


ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەموزی 2025، پارێزگای هەڵەبجەدا رایگەیاند، "دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەڵەبجە بەرهەمی کۆبوونەوەیەکی نێوان قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال و عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عێراق بوو، کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد و داوایکرد، زەمینەی یاسایی گونجاو بڕەخسێندرێت و کار بۆ کردنەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەڵەبجە بکرێت".

ئاماژە بەوەکراوە، "بۆ ئەو مەبەستەش، بۆردی وەرزشیی سەر بە سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، کارئاسانی و ئامادەکاریی تەواوی ئەنجامدا لە رووی تەکنیکییەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەم بڕیارەی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عێراق کە بە نووسراوی ژمارە 1197 لە 29ی حوزەیرانی 2025ـدا بڵاوکرایەوە، رۆڵی گرنگی دەبێت لە وەبەرهێنان لە وزە و بەهرەکانی گەنجان و پەرەپێدانی توانا جەستەیییەکانیان و ئامادەکردنیان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، تا هەڵەبجەش پێگەی شایستەی خۆی مسۆگەربکات لە کایەی وەرزشیدا".


PM:12:36:01/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت