قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق: هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.

بەپێی راگەیەنداوی کۆبوونەوەکە بێت، کۆبوونەوەکەدا یان برێم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ ئامادەبوون، باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا.

قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم روونیکردەوە، گفتوگۆکانی نێوان شاندە دانوستانکارەکانی هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.

جەختیشی کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فەرەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەکرد رێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچکە کەمتر گەشەسەندووەکانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.


PM:06:12:30/06/2025










ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو