دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێخۆشبوونێکی نییە بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر


وێستگەنیوز_

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هیچ لێخۆشبوونێکی نییە بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.

ئەمرۆ دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەهاوکاریی ڕێکخراوی فاو، دیداری هەولێری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕێکخستووە، لە چوارچێوەی دیدارەکەدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتارێکیدا رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامێری پشکنینی بۆ ماددەی هۆشبەر لە سنوور و فڕۆکەخانەکان دابین کردووە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی پرسی هەڕەشەی ماددەی هۆشبەر بکرێت بە بابەتێکی خوێندن لە ناوەندەکانی پەروەردەدا، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاش گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری لەنێو زانکۆکان بەڕێوە ببەین، هاوکات سوود لەو توێژینەوە زانستییانە وەربگرین کە لە زانکۆکان لەم بارەوە دەکرێن.

دیندار زێباری وتیشی: هەزار و 564 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەتاوانی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، 900 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و حوکم دراون، ئەمە هەنگاوی ڕژدی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەوەی، هیچ لێخۆشبوونێک نییە بۆ ئەوانەی لایەنی سەرەکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرن.

ئەوەشی خستەڕوو، "ڕێژەی سەرەکی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، لە تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵن، ئەمەش جێی مەترسییە بۆ کۆمەڵگە، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون، خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکات، ئێستا زیاتر لە 4 هەزار کەس دەستگیرکراو و سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراون بۆ لێکۆڵینەوە. هەندێکیشیان بەهۆی بازرگانیی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سزا دراون.


PM:12:51:30/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو